دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕاگەیاند کە چاوەڕوان دەکرا لە هەنگاریا بەڕێوەبچێت.
ترەمپ هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی گەڕاندەوە بۆ سەرنەکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و هەستی بەوە کردووە کە کاتەکە گونجاو نییە.
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت: “کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک پوتین هەڵوەشاندەوە، هەستم بەوە نەکرد کە گونجاو بێت”.
وتیشی: “هەستم بەوە نەکرد کە دەگەینە ئامانجی خوازراو. بۆیە هەڵموەشاندەوە، بەڵام لە داهاتوودا ئەنجامی دەدەین”.
پێشتریش کەناڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردبووەوە، کە کۆبوونەوەکە ئەنجام نادرێت و ئەوەشی خستەڕوو کە کۆبوونەوەی نێوان مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕووسییەکەشی، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.