ڕێکخراوێکی ژینگە داوا دەکات پێش ئەوەی کارەسات ڕووبدات مەترسی پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دووکان چارەسەر بکرێت.
ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی مەترسی پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دووکان بڵاوکردەوە کە بە کارەساتی ژینگەیی وەسفی کردووە و ئەمە دەقەکەیەتی:
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، دوو کارەساتی پیسکردنی ژینگە لە سنووری قەزای دووکان، لە دۆڵی خەلەکان لەئاستی گوندی (قەڵات و قامیشە) ڕوویداوە.
بە پێی زانیاری و بە دواداچوونەکانی ئێمە، پێش دوومانگ هەمان کارەسات ڕوویداوە و ماوەی هەفتەیەکیش دەبێ کارەساتی دووەم، ڕوویداوە.
لەوەش کارەساتتر دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوومانگ بەسەر ئەو ڕووداوەدا هیچ چارەسەرێکی زانستی لەلایەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە نەگیراوەتە بەر.
بەپێی بە دواداچوونەکانی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، پێش دوومانگ هەمان کارەسات لە سنوورەکە ڕوویداوە، ماوەی هەفتەیەکیش دەبێ نزیکەی دوو تەنکەر پاشماوە لە دووری 10مەتر لە ڕێگەی سەرەکی دووکان، خەلەکان بە درێژایی 500 مەتر ڕژێنراوەتە ناو سرووشتەوە.
ئێمە لە ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، داوا دەکەین.
بە دواداچوون بکرێ بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ژینگەییە، بە تایبەتی لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە.
داواکارین ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە یاسای ژینگە دادگایی بکرێن و قەرەبووی شێواندنی ژینگەی سنوورەکە بخرێتە ئەستۆیان.
پێویسته، فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، لە ڕێگەی تیمێکی زانستییەوە چارەسەر بدۆزنەوە، پێش ئەوەی کارەساتی گەورەتری ژینگەیی ڕووبدات.
پێشنیار دەکەین وەکو هەنگاوی خێرا.
هەر چی کراوە پێش باران بارین، پاشماوەکە کۆبکرێتەوە تێکەڵ بە ئاوی زێی بچوک نەبێت، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی ملیوێنان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان و شارەکانی تری عێراقە.
پێویستە، لەلایەن زانکۆی سلێمانی، نموونەی پاشماوەکە وەربگیرێ و تێست بکرێ بزانرێ پێکهاتەکەی چیە و دواتر ڕێکارەکانی چارەسەری بگیرێتە بەر.
پێویستە بە هەر شێوازێک بێت، لە ڕێگەی چەند ئامێرێکەوە پاشماوەکە یا کۆبکرێتەوە، یا چەند مەترێک خۆڵ بخرێتە سەری بۆ ئەوەی کاریگەری نەمێنێت و تێکەڵ بە ئاوی باران نەبێت.
هەر چەندە شوێنی کارەساتەکە ڕێگەی ئۆتۆمبیلی نیە، بەڵام بە پێی بە دواداچوونەکانی ئێمە نزیکەی 10 مەتر دوورە لە ڕێگەی سەرەکییەوە، دەکرێ ڕێگەی بۆ درووست بکرێ.
پێشنیار دەکەین، تا ڕێگەی زانستی هەبێ بیر لە سووتاندنی نەکرێتەوە، هەمووان دەزانین سووتاندنی ئەو ماددەیە بەو ڕێژە زۆرە کارەساتی گەورەی پیسبوونی هەوای لێدەکەوێتەوە، پێویستە لە ڕێگەی تەنکەر و ئامێرەوە هەوڵبدرێ ئەو پاشماوەیە کۆبکرێتەوە لەو شوێنە دوور بخرێتەوە.
ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
22_10_2025
