وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە کردەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتیانی کوردستان بگونجێت.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پێشوازی کرد لە یەکێک لەو لیژنانە کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک و پەیکەر و شێوازی مامەڵە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان ڕاسپێردراون.
وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دیدارە و پوختەیەکی لەسەر دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاووڵاتیان خستە ڕوو کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان.
هەروەها باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتیانی کوردستان بگونجێت. بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس هاوشان لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نوسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپێردراون.
وەزیری ناوخۆ لیژنەکەی ڕاسپارد کە بیرۆکە و وردەکاری ئەو پڕۆژەیە لە گەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە ڕێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و ورک شۆپ بەش بکرێت و ڕا و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بە هەند وەربگیرێ. هەروەها سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێ.
لە لایەکی دیکە ڕێبەر ئەحمەد جەختی لە پێویستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی،و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆمەڵگەیی ڕاسپارد بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام. پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکو یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان، و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
