بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی تایبەت بە لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان هەستاون بە لەناوبردن و سوتاندنی بڕێکی زۆر لە ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، کۆی گشتیی ماددە لەناوبراوەکان گەیشتووەتە (130 کیلۆ و 555 گرام). ئەم بڕە گەورەیە لە چەندین جۆری جیاواز پێکهاتبوو، لەوانە: کریستاڵ، هێرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریجوانا، کۆکاین، گراس، جگەرەی ئامادەکراوی هۆشبەر، و حەبی هۆشبەر.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم ماددانە پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو و پەیوەست بوون بە 740 دۆسیەی جیاوازەوە.
دۆسیەکان کە هی ساڵانی 2022 و 2023 بوون، دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی لە دادگا تایبەتمەندەکان، بڕیاری لەناوبردنیان بۆ درا.
