پێنج تۆمەتبار لە كوشتنى سەفا ئەلمەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و كانديد بۆ پەرلەمانی ءێراق دەستگیرکران.
وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، هێزێکیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنی ورد و ئامانجداریان ئەنجامداوە کە لە ئەنجامدا پێنج تۆمەتبار دەستگیرکران کە تێوەگلاون لە تیرۆرکردنی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا سەفا ئەلمەشهەدانی، کە لە قەزای تارمییە لە باکووری شاری بەغدا کوژرا.
وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری ئەنجامدراوە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچووە، هەروەها دوای هەوڵە هەواڵگریی و مەیدانییە چڕەکان و لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان بووە کە بووە هۆی دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتباران و دەستگیرکردنی دروستیان.
ڕوونی کردەوە، کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا لەژێر چاودێریی دادوەریدا بەردەوامن، هەروەها لەکاتی تەواوبوونی ڕێکارە پێویستەکان وردەکاری بۆ ڕای گشتی دەگەیەنێت.
