spot_imgspot_img

لە سلێمانی 419 ژن و پیاو تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە و وتەبێژی نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: لە 9 مانگی ئەمساڵدا 413 ژن تووشی نەخۆشییەكە بوون.

دکتۆر زەردەشت محەمەد، وتەبێژی نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ٤١٣ ژن تووشی شیرپەنجەی مەمک بوون، هەروەها لەو ماوەیەدا 6 پیاویش هەڵگری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بوون.

ڕاشیگەیاندووە، ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەیی دانیشتووان زیاد دەکات و لە ئێستادا ئەو ڕێژە زۆرە نیە کە جێگەی مەترسیی بێت.

بە پێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلیمانی، لە پێنچ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی توشبووانی ژنان بە شێرپەنجەی مەمک گەیشتووەتە دوو هەزار و ٦٣٥ کەس، لە پیاوانیشدا توشبوون بە نەخۆشیە گەیشتووەتە ٢٥ کەس.

د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی وتی، “شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە و هۆکارەکانیشی بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست و شیرپێنەدانی دایکان بە منداڵەکانیان و چەند هۆکارێکی دیکە گەڕاندەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، نەخۆشخانەکەیان زۆرترین چارەسەری شێرپەنجەی مەمک پێشکەش دەکات، بەڵام بەهۆی تێچووی زۆری دەرمانەکانەوە، ناتوانن 100%ی چارەسەرەکان دابین بکەن.

ڕوونیکردەوە، کە دەرمانە گرانبەهاکان زیاتر لە قۆناغەکانی سێ و چواری نەخۆشییەکەدا بەکاردێن و زۆرجار دەستناکەون، لە کاتێکدا چارەسەر لە قۆناغەکانی یەک و دوودا زۆر ئاسانتر و کەم تێچووترە.

د. یاد نەقشبەندی، داوای لە خانمان کرد کە بەدەم بانگەوازی پشکنینی پێشوەختەی مەمك بچن و وتیشی، “گرێبەستی کڕینی دەرمانمان ساڵانە سەروو 100 ملیار دینارە، لە کاتێکدا دەتوانین بە ملیارێک دینار ئامێری مامۆگرام بۆ هەر چوار شارەکەی هەرێم دابین بکەین.”

بە وتەی د. یاد نەقشبەندی، لە پارێزگای سلێمانی ئەم ساڵ تاوەکو 1ـی ئەیلوول، دوو هەزار و 800 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون، نزیکەی 20% بۆ 21%ی تووشبووانی شێرپەنجە، تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن، کە لەهەمان کاتدا زۆرترین رێژەی چاکبوونەوەش لەم جۆرەی شێرپەنجەدا تۆمار دەکرێت.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە