لە نێوان پەرەسەندنی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و خراپتربوونی قەیرانە ژینگەییەکان، ملیاردێری ئەمریکی و دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت (بێڵ گەیتس) هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “ئێمە لە خاڵی وەرچەرخانداین و جیهان لە داڕمان نزیک دەبێتەوە”، داوای کرد پێش ئەوەی درەنگ بێت، ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر.
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی (لۆ ئێکسپرێس)ی فەرەنسی، گەیتس بە تۆنێکی نائاسایی قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ٢٠ ساڵی داهاتوو چارەنووسی مرۆڤایەتی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری دەکات. بە پێی بۆچوونی ئەو، “جیهان شاهیدی هەڵوەشاندنەوەی خێرای هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانە، ئەمەش لە نێوان بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزم و دابەزینی بودجەی گەشەپێدان”.
گەیتس خۆی لە دەستنیشانکردنی قەیرانەکەدا سنووردار نەکرد؛ داوای پابەندبوونێکی نوێ بە بەرپرسیارێتی جیهانییەوە کرد و هۆشداریدا لەوەی وڵاتانی دەوڵەمەند لە کاتێکدا کە پێویستی بە پشتیوانی لە گەشەکردندایە بەرەو ناوەوە دەڕۆن. لە ساڵی ٢٠٢٣دا هاوکارییە فەرمییەکانی پەرەپێدان بە ڕێژەی نزیکەی ٥% دابەزیوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، سەرەڕای خراپتربوونی کەشوهەوا و قەیرانەکانی برسێتی و لاوازی سیستەمی تەندروستی لە وڵاتانی باشووری جیهانیدا.
گەیتس وتی: “وەسوەسەی پاشەکشەکردن بۆ ناوەوە هەرگیز بەهێزتر نەبووە”، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم دابەزینە تەنها لە بودجەدا سنووردار نییە، بەڵکو گۆڕانکاری لە هەستی سیاسی و ئابووریشدا دەگرێتەوە کە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان پاڵدەنێتە پەراوێزەوە.
داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکەن، کە زیاتر لە ٥٧٠ ملیۆن کەس دەتوانن تا ساڵی ٢٠٣٠ لە هەژارییەکی زۆردا بمێننەوە و ئەمەش هەڕەشە لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. گەیتس وتی، “ئێمە مەترسی ئەوەمان لەسەرە کە نایەکسانی لەسەر ئاستی جیهانی بچەسپێنین”.
سەرەڕای وێنە تاریکەکە، گەیتس تیشکێکی هیوا لە تەندروستی منداڵاندا دەبینێت. لە ساڵی ١٩٩٠ ساڵانە زیاتر لە ١٢ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەو ژمارەیە تا ساڵی ٢٠٢١ دابەزی بۆ ٥ ملیۆن منداڵ بەهۆی پێشکەوتنەکانی کوتان و پاکوخاوێنی و چاودێری دایکان.
گەیتس پێی وایە “ئەگەر وەبەرهێنانەکان لە سیستەمی تەندروستی جیهانیدا بەردەوام بن، دەکرێت ئەم ژمارەیە تا ساڵانی ٢٠٤٠ بۆ تەنها ٢ ملیۆن مردن کەم بکرێتەوە”. دامەزراوەی گەیتس بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و گاڤی، هاوپەیمانی ڤاکسین، هاوکاری گەیاندنی ڤاکسینیان کردووە بە سەدان ملیۆن منداڵ.
بەڵام ئەم دەستکەوتانە لە ژێر هەڕەشەدا ماونەتەوە. لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩دا، بەرنامەکانی کوتان لە زیاتر لە ٧٠ وڵاتدا پەکی کەوتوون، دوودڵی لە کوتانیش زۆر بەرزبووەتەوە. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٣ کە لە ڕۆژنامەی The Lancet بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕێژەی کوتانی ڕۆتینی دەتوانێت ساڵانێکی زۆری بخایەنێت تا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستەکانی پێشوو، ئەمەش ئاماژەی بەرزبوونەوەی ئەگەری مردنی منداڵانە.
گەیتس قەیرانی کەشوهەوا بە “چەندکەرەوەی مەترسی” وەسف دەکات، کە زریان و وشکەساڵی و لافاو دەیان ساڵە پێشکەوتنی گەشەپێدان تێکدەدەن. نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە پێداویستییەکانی گونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا تا ساڵی ٢٠٣٠ ساڵانە ٣٠٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، لە کاتێکدا بودجەی ئێستا لەم ئاستە کەمترە.
سەرەڕای ئەوەش گەیتس گرەو لەسەر داهێنان دەکات. لە ڕێگەی کۆمپانیاکەییەوە بەناوی Breakthrough Energy پشتگیری لە توێژینەوەکان دەکات لە گرتنی کاربۆن و هێزی ئەتۆمی پێشکەوتوو و پڕۆتینە بەدیلەکان. ئەو پێی وایە “تەکنەلۆژیای کەشوهەوا ئەگەر بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێگیر بکرێت، دەتوانێت جیهان بەرەو داهاتوویەکی کەم دەردانی گازی ژەهراوی ببات”.
بەڵام هۆشداری دەدات لە گەشبینی زیادەڕۆیی و دەڵێت: “تەنها تەکنەلۆژیا بەس نییە”، جەخت لەسەر پێویستی داهێنان دەکاتەوە کە لەگەڵ سیاسەتی گشتی زیرەک و هاوکاری نێودەوڵەتی و دابەشکردنی دادپەروەرانەدا یەکبخرێت. بەبێ حوکمڕانی باش، تەنانەت باشترین چارەسەرەکانیش مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە ببنە ئامرازێک لە دەستی کەم کەسەکاندا.
