وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، چوار ملیۆن هاووڵاتی لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەندن و 80%شیان پارەیەکی کەمتر لە جاران دەدەن.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا لەدیدارێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا کردەوە، کە جێبەجێکردنی کارنامە وەزارییەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کێشەی 30 ساڵەی کارەبا چارەسەر دەکات.
ڕوونیشیکردەوە کە ئێستا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پرۆژە ڕووناکی 24 کاتژمێری بەشێوەیەکی رێکوپێک جێبەجێ دەکرێت، کە لەگەڵ هەڵکشانی خێرایی هاوبەشانی کارەبا بۆ سەرووی 1.95 ملیۆن هاوبەش کە لەم کابینەیەدا نزیکەی 500 هەزار هاوبەش زیاد بووە.
وەزیری کارەبا ڕاشیگەیاند، ئێستا 4200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و بەرهەمهێنانی کارەبا لەم کابینەیەدا 1840 مێگاوات زیادکراوە، ئەم زیادبوونە بە پاڵپشتیی ئەنجومەنی وەزیران و کرێکاران و کارمەندانی وەزارەت و پشوودرێژی هاووڵاتییان و هەروەها لەڕێگەی ژمارەیەک چاکسازیی لە گرێبەستەکان و کەمکردنەوەی تێچوون و بەکارهێنانی وزەی پاک بەدەستهاتووە.
وەزیری کارەبا ئاماژەی بەو وێستگانەش کرد کە تێیدا بەرهەمهێنانی کارەبای لێ زیاد کراوە، وەک:
– وێستگەی بازیان بە توانای 750 مێگاوات
– وێستگەی خۆرمەڵە بە توانای 500 مێگاوات
– وێستگەی هەڵمی خەبات بەتوانای 300 مێگاوات
– وێستگەی گەرمیان بەتوانای 165 مێگاوات
– وێستگەی دێرەلۆک بەتوانای 38 مێگاوات
– بەگەڕخستنەوەی وێستگەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بە توانای 87 مێگاوات
– چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی هەردوو وێستگەی کارۆئاوی (دوکان و دەربەندیخان) و هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی کارەبا لەگەڵ وەبەرهێنەکان.
کەمال محەمەد وەزیری کارەبا دەڵێت: “لەمەش گرنگتر پارێزگاریکردن بوو لە ژینگە کە توانیمان ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاک و خاوێن بۆ سەرووی لە 84% بەرز بکەینەوەکە لەگازی سروشتی لە 83% و لە 1% کارۆئاوی، لەڕێگەی بەکارهێنانی گاز و وزەی خۆر و وزەی هایدرۆپاوەر پارێزگاری لە ژینگە کرا کە مەترسی زۆری بۆ سەر سەلامەتیی تەندروستی هاووڵاتییان هەبوو”.
وتیشی: “ئەو هەموو موەلیدەیە کە بەگازی ژەهراوی کاریان دەکرد، پرۆژەی رووناکی گەورەترین دەستکەوتە بۆ سەلامەتی هاونیشتمانیان. لە لایەکی دیکەوە وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان بۆ یەکەمینجارە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بتوانرێت سوود لە غازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکانی نەوت وەربگیرێت و لەبری ئەوەی بسووتێت و زیانی بۆ ژینگە و هاووڵاتیان هەبێت، دووبارە بۆ بەرهەمهێنانەوەی کارەبا بەکارمان هێنایەوە، هەر لەم کابینەیەدا زیاتر لە 50 مێگاوات کارەبا بە سیستەمی وزەی خۆر پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دانراوە”.
وەزیری کارەبا باسی لە پرۆژەکانی گواستنەوە و دابەشکردن کرد کە وێڕای نەبوونی پارە و قەیرانی دارایی ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژە جێبەجێ بکرێن. “لە هەمووشی گرنگتر دانان و بەستنی پێوەری زیرەک بوو بۆ لە 80%ی هاوبەشانی کارەبا، ئەم پێوەرەش بووە بناغە بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی ڕووناکیی 24 کاتژمێری. بەم شێوەیە زیاتر لە 3353 پرۆژە لەکەرتی دابەشکردنی کارەبا و 61 پرۆژە لەگواستنەوەی کارەبا جێبەجێ کران”.
هەروەها ئاماژەی بە چەند نموونەیەک لە وێستگەکان و پرۆژەکانی ڕاکێشانی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی کرد، لەوانە دامەزراندنی وێستگەکانی (ئیسکانی نوێ و شێروان مەزن و دابینکردنی چوار وێستگەی مۆبایل بۆ سلێمانی و سەیدسادق و چەمچەماڵ و گەرمیان و ئازادی نوێ و کەسنەزان و رووناکی و بەرحوشتر و گردجوتیار و بارک و سەلاحەدین و نیشتمان و دیبەگە و باداوەی نوێ و مەخمور و تادوایی.. ) هەروەها ڕاکێشانی هێڵەکانی پاڵەپەستۆی بەرز وەکو ( بازیان – ڕاپەرین, تانجەرۆ- سەیدسادق و خەبات – ئیفراز و هەولێر – خەبات و سەنتەری هەولێر – رۆژئاوای هەولێر و دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی 400 کەی ڤی نێوان هەرێم و عێراق و تورکیا و کەلار- سەیدسادق و دانان و بهستنی هێڵ نێوان وێستگهکانى (( کهلهکچى – قهسرۆک)، (بهردهڕهش – دارهتوو)، ( سهرسهنگ – چهمانگێ )، (فایده – شاریه)، (سهرسهنگ – بامهڕنێ) و دەیان پرۆژەی دیکە.
وەزیری کارەبا ڕاشیگەیاند، دەیان گوند بەتایبەتی گوندە دوورە دەستەکان کارەبای نیشتمانیان بۆ راکێشرا و پێوەری زیرەک کە تاکو ئێستا بەردەوام لە سەنتەری پارێزگاکان و ئەو هاوبەشانەی پرۆژەی رووناکی 24 کاتژمێریان دەگاتێ بەردەوامە بۆ سەرووی 1ملیۆن و 345 هەزار هاوبەش دانراوە.
ئەنجامدانی پڕۆژەی پێوەری زیرەک بووە هۆی کەمکردنەوەی بە فیڕۆچوونی کارەبا لە 45% بۆ 31%. له ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە توانرا له 14% داهاتی کارەبای بەفیڕۆچوو بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت و سوتانی گۆڕەری کارەبا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و سەدان سەرپێچی ئاشکرا کران و ژمارەیەکی زۆری دیکەی هاوبەشانی نوێی کارەباش کرایەوە، بەمەش تێچوویەکی زۆری کرێی کارەبا و بەفیڕۆچوونێکی کارەبا لەم بوارەدا چارەسەر کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەیدا وەزیری کارەبا باسی لە دابەشکردنی کارەبا کرا کە 4,000,000 ملیۆن هاووڵاتی کە دەگاتە لە 50%ی هاووڵاتیانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی ڕووناکیی 24 کاتژمێری سوودمەند بوونە و 116,000 شوێنی بازرگانی و هەرچی ئەو دامەزراوە حکومی گشتی و کەرتی تایبەت و قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و خزمەتگوزاریی گشتی هەیە کە کەوتوونەتە سنووری پرۆژەکەوە لێی سوودمەند بوون، لە ئێستادا کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتە ناوەندی شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) و تەنانەت دەوروبەری سەنتەری شارەکانیش.
وتیشی، هەڵەبجە یەکەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی هەموو عێراق بوو، کە بووە خاوەنی کارەبایەکی 24 کاتژمێری.
چوار ملیۆن هاووڵاتی لەڕێی پرۆژەی ڕووناکییەوە لە 80%ی پارەیەکی کەمتر دەدەن لە ژینگەیەکی پاکترو سەلامەتتر دوای ئەوەی 3222 موەلیدە کوژێنرانەوە، هەروەها ئەم کارەبایە ڤۆڵتییەکی جێگیر و ژیانێکی سەقامگیرتر بۆ خێزانەکان و کاسبکار و پیشەوەرانیش زامن کردووە، لە کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
