باڵیۆزی تورکیا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و پشتێنەی سەوزایی و دابینکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو لە مەسرور بارزانی کرد.
ئهمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوای لە ئانڵ بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له عێراق کرد.
حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەدا وێڕای جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێ کرا.
ئەوەشی خستەڕوو کە باڵيۆزى توركيا ، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆژە و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا لە سەرۆکی حکومەت کرد و بەتایبەتیش ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و پشتێنەی سەوزایی و دابینکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو کرد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، باس لە ڕێککەوتنی سێ لایەنەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
