بە پێی تازەترین هەڵسەنگاندنی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) کە تایبەتە بە پاراستنی ژیانی کێوی لە جیهاندا، تەنها نزیکەی 350 پڵنگی پێگەیشتوو لە ڕۆژئاوای ئەفریقا ماونەتەوە، ئەمەش وای لێدەکات مەترسی لەناوچوونی لەسەر دروست بکات.
هەڵسەنگاندنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێدەچێت پڵنگەکانی (Panthera pardus) ڕۆژئاوای ئەفریقا لە ڕووی بۆماوەییەوە لەوانەی ناوەڕاستی ئەفریقا جیاکرابێتنەوە و زۆر کەم یان هیچ زاوزێیەک لە نێوان گرووپەکانیاندا ڕوونەدابێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم پڵنگانە لە 11 وڵاتدا هەن، کە بریتین لە: بێنین، بۆرکینا فاسۆ، کۆتدیڤوار، غانا، غینیا، غینیا بیساو، لایبیریا، نەیجەر، نەیجیریا، سەنیگال و سیێرالیۆن.
دوای ئەوەی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەوە، ژمارەیان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە ڕێژەی 50٪ کەمیکردووە، ئەمەش وایکردووە بگوێزرێتەوە بۆ لیستی سووری ئەو گیاندارانەی کە زۆرترین مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
ڕۆبن هۆریۆن، تەکنیکاری مەیدانی کە لەگەڵ ڕێکخراوی ناحکومی ئەمریکی “پانسیرا” کار دەکات و بەشێک بووە لە تیمی هەڵسەنگاندنی دۆخی پڵنگەکان، دەڵێت: “لە ئەفریقا، دۆخی پڵنگ زۆر خراپ نییە، بەڵام دۆخەکە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا جیاوازە.”
وتیشی، ڕۆژئاوای ئەفریقا بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باشووری کیشوەرەکە، بودجەی زۆر کەمتر، توێژەری کەمتر، و کلتووری پاراستنی زۆر کەمترە، هەروەها گەشتیاری زۆر کەمترە، کە بە بۆچوونی ئەو، ئەمەش وای کردووە جۆرەکان لەوێ بە بێدەنگییەکی نزیک لە تەواو لەناو بچن.
هۆریۆن و توێژەرانی دیکەی ڕێکخراوی پانسیرا ماوەی پێنج ساڵ بەسەر بردووە لە لێکۆڵینەوە لە پڵنگەکان لە پارکە نیشتمانییەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا. دوای ڕاپۆرتەکەیان، IUCN لە 9ی تشرینی یەکەمدا پۆلێنی ئەم جۆرە پڵنگەی لە “مەترسی”یەوە بۆ “مەترسی لەناوچوون” لەسەر لیستی سوور گۆڕی.
هەڵسەنگاندنەکانی IUCN ئاماژە بەوە دەدەن کە زۆربەی پڵنگەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا لە ناوچە پارێزراوەکان و سروشتی لەیەکدابڕاودا دەژین و بەهۆی فراوانبوونی کشتوکاڵ، گەشەپێدانی ژێرخان و چالاکییەکانی دیکەی مرۆییەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە
