spot_imgspot_img

داوای سوتاندنی تەرمی “سنوار” دەکرێت

وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل، میری رێگێڤ، ڕایگەیاند؛ پێشنیازی سووتاندنی تەرمی یەحیا سنوار، سەرکردەی بزووتنەوەی حەماسی کردووە، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە ڕەفەحی باشووری کەرتی غەزە، کوژرا.

لێدوانەکەی ڕێگێڤ لە کاتی چاوپێکەوتنێکدا بوو لەگەڵ ڕادیۆی “کۆڵ باراما”ی توندڕەوی ئیسرائیلی، و وتی؛ ئەو پێشنیازەی لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمنی بچووککراوەدا خستووەتە ڕوو.

ڕێگێڤ ئاماژەی بە سەرکردەی ڕێکخراوی قاعیدە، ئوسامە بن لادن، کرد کە لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە کوژرا و تەرمەکەی فڕێدرایە ناو دەریاو وتی: “پێموایە دەبێت هەمان شت بکەین کە ئەمریکییەکان لەگەڵ بن لادن کردیان، ئەم پێشنیازەم خستەڕوو لە ئەنجومەنی وەزیران، هێندێک هێما هەن کە نابێت تەرمەکە بگەڕێندرێنەوە.”

وتیشی: “لەبەر ئەوەی ئێمە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەگەین و دەزانین لەم ناوچەیەدا چی ڕوودەدات، دەتوانم بڵێم نامەوێت لە هیچ قۆناغێکدا سنوار بە خاک بسپێردرێت.”

بەپێی ڕۆژنامەی “جێرۆزالیم پۆست”ی ئیسرائیلی، وا بڕوا دەکرێت پێشنیازەکەی ڕێگێڤ لەژێر “پێداچوونەوە”دا بێت لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیلییەوە، بەڵام وەزیرەکە وتی؛ کە بیرۆکەکەی لە کاتی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمنی بچووککراوەدا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.

پێشترو لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە حەماس داوای گەڕاندنەوەی تەرمی یەحیا سنوار و براکەی محەمەدی کردووە.

ئیسرائیل پێشتر ڕەتیکردبووەوە کە تەرمی سنوار رادەست بکاتەوە، کە دوای کوشتنی بۆ شوێنێکی نهێنی گوازرابووەوە.

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕێککەوتوون، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی ڕاگەیاند؛ “تەرمی سنوار و براکەی بەشێک نابێت لە ڕێککەوتنەکە.”

یەحیا سنوار لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ، لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە گەڕەکی تەل سوڵتان لە ڕەفەح لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا.

براکەی، محەمەد، دوای کوشتنی محەمەد زەیف لە تەممووزی ٢٠٢٤، سەرکردایەتی باڵی سەربازی حەماسی گرتە ئەستۆ، پاشان محەمەد سنواریش لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کوژرا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە