بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێم دەڵێت: بە هۆکاری بەکارهێنانی خوێندنگەكان وەک بنکەی دەنگدان لە ڕۆژی 5 تاكو ١٣ـی 11 پشووی فەرمی دەبێت لە تەواوی عێراق و وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمیش دەڵێت: بەم زووانە بڕیارە لە ڕۆژانی پشووی هەڵبژاردن لە خوێندنگەكان دەدەین.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێم ڕایگەیاندووە، سێ ملیۆن و ٦٩ هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە و تا ئێستا ١٥٠ هەزار کارت دابەشکراوە بەسەر دەنگدەراندا و هاوكات ٣٥ هەزار کەس ناوی گەڕاوەتەوە بۆ کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان.
دەشڵێت: بە مەبەستی بەکارهێنانی خوێندنگەكان وەک بنکەی دەنگدان لە عێراق لە ڕۆژی 5 تا ١٣ـی مانگی 11 پشووی فەرمی دەبێت، بۆ هەرێمیش لەم چەند ڕۆژەدا بڕیاری لێ دەدرێت.
لای خۆشیەوە، عیماد ججەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن ڕایگەیاندووە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەماهەنگی کردووە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ ڕاگەیاندنی پشوویەک، کە لە ٥ی 11 دەست پێدەکات، هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی ئەو خوێندنگایانەی کە وەک بنکەی دەنگدان تەرخانکراون.
بەپێی ساڵنامەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان و پشوو، كە وەزارەتی پەروەردە دیاری كردووە بۆ ئەمساڵی خوێندن، تەنها سێ ڕۆژ، كە ڕۆژانی (10 و 11 و 12/ 11 / 2025)ە دیاری كراوە، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوای كاتی زیاتری كردووە بۆ بەكارهێنانی خوێندنگەكان بۆ ئامادەكاری بۆ ڕۆژی دەنگدان.
هاوكات، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، بۆ دیاریكردنی ماوەی پشوو لە خوێندنگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەژێر لێكۆڵینەوەداین و تا ئێستا بە دروستی ماوەی پشووەكە دیاری نەكراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە ڕۆژانی داهاتوو ماوەی پشووەكە دیاری دەكەین.
بۆ پشووی خوێندنگەكان لە ماوەی هەڵبژاردندا، حكومەتی عێراق ماوەی 9 ڕۆژی ڕاگەیاندووە، لەمبارەیەوە سامان سیوەیلی وتی: ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە پشووی خوێندنگەكان بڕیاری تایبەت بە خۆمان دەبێت.
جەختیشی كردەوە، كە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزاری وەزارەتی پەروەردە كۆدەبێتەوە و بڕیاری كۆتایی لەبارەی ماوەی پشووی خوێندنگەكان دەدەن.

