یەكەم شەپۆلی باران بارینی بەخوڕ و تەرزە بەشێكی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هۆشداری هەورەبروسكە و لافاو لە ناوچەكانی سنووری دهۆك و باكووری هەولێر دەدرێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی سێ شەممە 21/10/2025 کاریگەری شەپۆلەکەی دەریای ناوەراست دەگاتە ناوچەکانمان و لەکاتەکانی نیوەڕۆوە ئاسمانی هەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی تاوە باران و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی ڕاپەرین.
ڕاشیگەیاند، لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لەهەندێ شوێندا هەورە بروسکە چالاک دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باراندا، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 2 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با مامناوەند ئەبێت.
وتیشی، “لە کاتەکانی نێوان سبەی شەو بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی چوار شەممە 22/10/2025 کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە زیاتر ئەبێت، بۆیە هۆشداری ئەدەین لە دروستبوون و چالاکبوونی کەڵەکە هەوری بە بروسکەی بەهێز و هەروەها ناوبەناو تەرزە و بارانێکی بەخوڕ و زۆر ئەبارێت، کە ئەمەش ئەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوی خێرا لە هەندێ شوێنی پارێزگاکە و پێویستە هاوڵاتیان لەو ناوچانەدا ئاگاداربن”.
ڕوونیشی كردەوە، لەناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا ئەگەری هەورە بروسکە و بارانێکی کەمی پچر پچر ئەبێت، دواتر لە ڕۆژی چوار شەممە بەشێوەی ناوخۆی هەورە بروسکە و تاوە باران لەهەندێ شوێندا چالاک دەبێتەوە و کاتەکانی ئێوارە کۆتایی پێدێت.
