سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندی ئەو گەنجانە دەردەكات، كە كاری دیلیڤەری دەكەن و جەختدەكاتەوە، كە بۆ پاراستنی مافی ئەو گەنجانەیە.
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەپێناو رێكخستنەوەی بازاڕی كاردا و پاراستنی مافی ئەو كەسانەی لە كەرتی گشتی و تایبەتی كار دەكەن، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆك وەیزران لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج کە لە خزمەتگوزاری گەیاندن کاردەکەن لە ٢٠ی ئەیلولدا و هاوتەریب لەگەڵ ئارەزووی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی ژینگەی کاری یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ گەنجان، لیژنەیەك پێكهێنرا و دواتر لیژنەكە چەند ڕاسپاردەیەكی خستە بەردەم سەرۆك وەزیران و ئەویش پەسەندی كردن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەكەی سودانی بڕیارەكان ئەم خاڵانەی خوارەوەی لەخۆگرتووە:
1- دامەزراندنی سەندیکایەکی گشتی بۆ کرێکارانی گەیاندن (دیلیڤەری) بەپێی بڕگەکانی یاسای ڕێکخستنی سەندیکاکان ژمارە (52ی ساڵی 1987)، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی ببێت به نوێنەری فەرمی ئەم توێژە.
2- تۆمارکردنی شۆفێرانی گەیاندن (دیلیڤەری) لە دەستەبەری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی پاراستنی حکومی بیانگرێتەوە.
3- ئامادەكردنی ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی بە سەرپەرشتی وەزارەتی گواستنەوە، بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی گەیاندن و شۆفێران و زامنکردنی مافی هەردوولا.
4- ئاسانکاریكردن بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و گومرگ، کەمکردنەوەی کرێی تۆمارکردنیان و رێگەدان بە چوونە ژوورەوە بۆ وێستگەكانی بەنزینخانە بەپێی ڕێسای دیاریكراو.
5- وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاڕاستە دەکرێن، کە لە کاتی دەوامی شەوانەدا هاوکاری ئەمنی پێشكەش بە شۆفێران بکەن.
6- دابینکردنی قەرزی بچووک و ئاسان لەلایەن بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە، بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی، بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە تایبەتەکانیان.
7- داواکردن لە کۆمپانیاکانی گەیاندن و چێشتخانەکان کە پابەندبن بە کاتی کارکردن و کرێی کارکردن، بەگوێرەی ستانداردەکانی سەلامەتی و مافی کار.
8- فەرمانگە تایبەتەكان لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان، و فەرمانگەی بەشی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی، هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا دەکەن بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و نووسینگە پەیوەندیدارەكان بە خزمەتگوزاری گەیاندن، و لە ماوەی (60) رۆژدا راپۆرتێک پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
