مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی پارتی لە هەولێر ڕایگەیاند، دۆست و ناحەز دەزانن ئەگەر پارتی نەمێنێت كوردستان دەشكێت، بەڵام ئەمجارە لە بەغداوە پێیان دەڵێین ناتوانن بمانشكێنن.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لە وتارێكدا ڕایگەیاند، دۆست و ناحەز کە سەیری کوردستان دەکەن، سەیری پارتی دەکەن، بۆیە هەتا پارتی هەبێت کەس ناتوانێت بیر لەداگیرکردنی کوردستان بکاتەوە.
دەشڵێت: ئەگەر پارتی سەرکەوت، کوردستان سەردەکەوێت؛ ئەگەر خوانەخواستا پارتی بشکێت، پێیان وایە دەتوانن کوردستان بشکێنن، بەڵام ئەمجارە لە بەغداوە پێیان دەڵێین ناتوانن بمانشكێنن.
ڕاشیگەیاند، ئەمجارە دەمانەوێت بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەموو عێراق، بەتایبەتیش بەرگری لە مافەکانی هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکەین و ئەمجارە پێویستە بە دۆست و ناحەزانی پیشان بدەین کە هێزی پارتی چییە، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو عێراقدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر گرنگە ئەمجارە دەستکەوتێکی گرنگ بە دەست بێنین تا دڵی دۆستەکانمان خۆش بکەین و با بەیەکەوە خۆمان ئامادە بکەین بۆ سەرکەوتنێکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
مەسرور بارزانی وتیشی، “ئەگەر پارتی لەشوێنێک نەبێت، هیچ دڵنیاییەک نییە لایەنێکی دیکە نەتوانێت بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات” و جەختیشی كردەوە، ئێمە لە نووسینەوەی دەستوور بەشداربووین، بەڵام بە داخەوە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکران.
جێگری سەرۆكی پارتی پێی وایە، “جگە لە پارتی، هیچ لایەنێک لە بەغدا بەگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە”.
