بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خراپی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بیابانبوون لە سەرانسەری جیهاندا. لەگەڵ وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی، ناتوانرێت کاریگەرییەکانی بیابانبوون فەرامۆش بکرێت. بە بڕوای شارەزایان پێویستە بە شێوەیەکی کارامەیی کار بۆ کەمکردنەوەی ئەم ڕێژە بەرزانەی تێکچوونی دۆخی زەوی بکرێت کە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهانی گرتووەتەوە.
پێناسەکانی بیابانبوون جیاوازن، بەڵام زۆربەیان لە دەوری زەوییە نیمچە وشک و نیمچە شێدارەکاندا دەسوڕێنەوە. بە سادەترین شێوە، دەکرێت بەو ناوچانە وەسف بکرێت کە بارانبارینیان کەم یان جیاوازە. جگە لەوەش، هۆکارێکی دیکەی زیادە هەیە کە بریتییە لە تێکچوونی زەوی بەهۆی چالاکیی مرۆییەوە بەهۆی زیادبوونی دانیشتووان و تەشەنەکردنی داربڕین.
بەپێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە ڕووبەرێکی جیهانی بە قەبارەی نزیکەی خاکی میسر، واتە نزیکەی 100 ملیۆن هێکتار لە زەوی بەرهەمدار و شیاوی کشتوکاڵ، بەهۆی وشکەساڵی و بیابانبوونەوە تووشی تێکچوون دەبێت. ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و خراپی بەڕێوەبردنی زەوی.
تێکچوونی زەوی کێشەیەکی جیهانیی سیستەماتیكییە. گەورەیی قەبارەی کێشەکە بۆ چەندین دەیە جێگەی پرسیار بووە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون (UNCCD)، ئێستا زەوییە وشکەکان 40.6%ی کۆی ڕووبەری زەوی جیهان پێکدەهێنن (بەبێ کیشوەری جەمسەری باشوور).
هاوکات چڕی دانیشتووانی ناوچە وشکەکانبەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ژمارەی دانیشتووانی ناوچە وشکەکان لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 2.3 ملیار کەس، واتە زیاتر لە 25%ی دانیشتووانی جیهان.
لە خراپترین سیناریۆکانی گۆڕانی کەشوهەوادا، لەوانەیە ئەم ژمارەیە تا ساڵی 2100 بەرزبێتەوە بۆ 5 ملیار کەس.
لێکۆڵینەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە نزیکەی 77%ی ڕووبەری وشکانیی جیهان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا (تا ساڵی 2020) وشکتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی 30 ساڵی پێشتر.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات کە کاریگەرییەکانی بیابانبوون ببێتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 50 ملیۆن کەس تا ساڵی 2030، ئەوەش بەهۆی:
- بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
- داربڕینی بەرفراوان.
- زیان گەیشتن بە سیستەمە ژینگەییەکان لە زۆرێک لە بەشەکانی جیهان.
تەنها لە ئاسیا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە دوو ملیار کەس لە ژێر هەلومەرجی وشکیدا دەژین، لە کاتێکدا ئەفریقا لانیکەم یەک ملیار کەس لە هەمان هەلومەرجدان.
تێکچوونی زەوی بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبێت. هەروەها وشکەساڵی کە یەکێکە لە دیاردە توندەکانی کەشوهەوا و بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە ڕێژەی ڕوودانی زیاد دەکات، ئەم دۆخە خراپتر دەکات و دەکرێت ببێتە هۆی ڕەواندنەوەی ماددە خۆراکییەکان لە خاک و نەمانی توانای زەوی بۆ دووبارە گەشەکردنی ڕووەک. ئەمە دەبێتە هۆی وشکبوونی ئەو زەوییانەی کە لە ئێستادا نزیکەی 40%ی ڕووبەری جیهان دادەپۆشن، لە ناوچەکانی وەک دەریای ناوەڕاست و باشووری ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا دەگاتە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و کاتێک وشکەساڵی لەگەڵ تێکچوونی زەویدا تێکەڵ دەبێت، دەبێتە هۆی بیابانبوون.
