بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پچڕانێکی بەرفراوان لە خزمەتگوزارییەکانی ئەمازۆن وێب سێرڤیسز (AWS) ڕوویدا کە کاریگەری کردە سەر خزمەتگوزارییەکانی زۆرێک لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرم و ئەپڵیکەیشنەکان، لە نێویاندا ئەپڵیکەیشنی سناپچات و یاریی فۆرتنایت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، سکاڵاکانی بەکارهێنەران لە دوای کاتژمێر 7:30ی بەیانی بە کاتی لەندەن دەستیان پێکرد کاتێک داتاکانی ماڵپەڕی داون دێتێکتۆر، کە تایبەتە بە بەدواداچوونی پچڕانی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان، هەزاران ڕاپۆرتی بەکارهێنەرانی نیشاندا دەربارەی پچڕان و کێشە لە خزمەتگوزارییەکەدا.
کۆمپانیای ژیریی دەستکرد “پێرپلێکسیتی” ڕایگەیاند کە پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی ئەمازۆن وێب سێرڤیسز “کاریگەری دەکاتە سەر جێگیریی ماڵپەڕەکە”.
هەروەها لە نێو خزمەتگوزارییە کاریگەرەکاندا بەهۆی ئەم پچڕانەوە، یاریی فۆرتنایت و پلاتفۆرمی یاریی ڕۆبلۆکس بوون.
مێریدیس ویتەکەر، سەرۆکی ئەپڵیکەیشنی نامەگۆڕینەوەی سیگناڵ، لە پلاتفۆرمی ئێکس پشتڕاستی کردەوە کە خزمەتگوزاریی ئەپڵیکەیشنەکەش کاریگەری پچڕانی خزمەتگوزاریی ئەمازۆنی لەسەر بووە.
