ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئیدارەی هەرێم ئاوا ناكرێت، كە خیلافت هەبێت لەگەڵ بەغداد، خۆیشت ناوماڵی خۆتت ڕێك نەخستبێت و توانای مووچەدانت نەبێت و موزایەدە لەبەردەم هێزە سیاسیەكاندا هەبێت و ئیدارەت دوولەت كردبێت، دەوڵەتداری ئاوا ناڕوات بەڕێوە.
سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستی حزبەكەی لە گەرمیان و دەربەندیخان ڕایگەیاند: دەسەڵاتی كوردی وای لێهاتووە ئەڵێی هیچ تەجروبە و خیبرەی ڕابردووی نیە، چەندجار ئاشبەتاڵ و شكستەكانی بیرچۆتەوە، جێی داخە ئەوەش بەڵاو كەمتەرخەمییەكی ترە.
دەشڵێت: ئەوان مەشغوڵی خۆیانن و گەندەڵی زۆریان هەیە وەڵامەكەی بۆخۆیانی جێدێڵین، بەڵام ئێمە خەڵكی دڵسۆز و دەستپاكمان بووە، كە خەمی مافەكانی میللەتەكەیان بووە لە بەغداد، چونكە ڕوونە هەر لەمووچە و هەموو بڕیارە ئابوری و گرنگەكان لە بەغدادەوە دێت، ئەمە گرنگی هەڵبژاردنەكە دەردەخات.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، ڕاشیگەیاند: ئەوان ئیمكانیات و پارە و دەسەڵاتیان بەدەستە، ئێمە بە لەنزیكی لە میللەت و ڕوونی و بەرچاوڕوونی لەبەرنامەكانماندا و ڕاستگۆ بوونمان لەگەڵ میللەتەكەماندا دەنازین، ئەگەر نا نە پارەمان هەیە بیدەین بە كەس، نە دەتوانین دەنگی كەس بكرێن، نا جائیزە باوەڕی خەڵكی بگۆڕین بەزۆر یا بە پارە یا بە ترساندن.
جەختیشی كردەوە، ئیدارەی هەرێم ئاوا ناكرێت خیلافت هەبێت لەگەڵ بەغداد، خۆیشت ناوماڵی خۆتت ڕێك نەخستبێت و توانای مووچەدانت نەبێت و موزایەدە لەبەردەم هێزە سیاسیەكاندا هەبێت و ئیدارەت دوولەت كردبێت، دەوڵەتداری ئاوا ناڕوات بەڕێوە.
وتیشی، “بۆیە بەپێویستی دەزانین وەك یەكگرتوو بەلیستی و چەند كاندیدێكی بەتوانا و شارەزا و دڵسۆز و ڕاستگۆ و بوێر بەشداری جدیمان هەبێت لە بەغداد، لەبەرئەوەی نوێنەرەكانی ئەوان نوێنەری خەڵك نین و نوێنەری حزبین، كار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حزبی خۆیان دەكەن نەك بەژەوەندی هاووڵاتیان.
