spot_imgspot_img

دوای ڕاپۆرتێکی خەڵك- بانکی ناوەندی ڕوونکردنەوەی بڵاوکردەوە

ڕوونكردنه‌وه‌یەکی بانکی ناوه‌ندی عێراق سەبارەت بە قەرزە گشتییەکان و کورتهێنان مەترسی گەورە دروستدەکات.

دوای بەدواداچوونی خەڵك و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی شیکاری لەسەر کۆی قەرزی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی عێراق، و کورتهێنان و مەترسییەکان، بانکی ناوەندی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وردەکاری کۆی قەرزەکان و مەترسییەکانیش ئاشكرا دەکات، هاوکات ششارەزایەکی ئابوری و دارایی مەترسی جدی ئاشکرا دەکات.

بەپێی روونکردنەوەکەی بانکی ناوەندی عێراق، کورتهێنانی پلاندانراو لە یاسای بودجەی گشتی سێ ساڵەدا کە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025) پەسەند کرا، گەیشتە 191.5 تریلیۆن دینار. لە کاتێکدا کورتهێنانی ڕاستەقینە بۆ سێ ساڵەکەی سەرەوە گەیشتە 35 تریلیۆن دینار. واتە قەرزکردنی ڕاستەقینە گەیشتە 18.2%ی کورتهێنانی پلاندانراو کە لە یاسای بودجەدا هاتووە، ئەمەش ئاستی هەماهەنگی بەرزی نێوان حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق لە کۆنترۆڵکردنی قەرزە گشتییەکان و ڕێگریکردن لە گەیشتنی بە ئاستە بەرزەکانی یاسای بودجە نیشان دەدات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەبارەت بە قەرزە دەرەکییەکان کە پێویستە بدرێنەوە، لە 13 ملیار دۆلار تێناپەڕێت دوای دەرکردنی (قەرزەکانی ڕژێمی پێشوو کە هەڵپەسێردراون و داوایان لەسەر نییە)، و عێراق هیچ پابەندبوونێکی دوا نەخستووە، و ناوبانگێکی دارایی نایابی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە پاراستووە.

بەپێی ڕوونکردنەوەکە، قەرزی ناوخۆیی کە بڕەکەی 91 تریلیۆن دینارە، 56 تریلیۆن دیناری بریتییە لە قەرزی کەڵەکەبوو تا کۆتایی ساڵی 2022، و بڕە زیادکراوەکان بریتیین لە 35 تریلیۆن دینار قەرزی ساڵانی (2023، 2024، 2025). زۆربەی قەرزی ناوخۆیی لەناو سیستەمی بانکی حکومیدایە.

بە لەبەرچاوگرتنی بوونی ژمێریاری و سپاردەکانی حکومەت لە بانکە حکومییەکان، لێژنەی تایبەتمەند و کۆمپانیا ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییەکان کار لەسەر گۆڕینی بەشێک لەم قەرزانە دەکەن بۆ ئامرازەکانی وەبەرهێنان لە چوارچێوەی سندوقێکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەرزی ناوخۆیی، بە ئامانجی گۆڕینی پابەندبوونەکان بۆ دەرفەتی وەبەرهێنان.

بانکی ناوەندی لەبارەی مەترسییەکانی سەر دارایی عێراق دەڵێت، ڕێژەی قەرزی گشتی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی گشتی (GDP) لە 43% تێپەڕی نەکردووە، و ئەم ڕێژەیە – بەپێی پۆلێنکردنی نێودەوڵەتی – مامناوەندە و لە سنوورە سەلامەتییەکاندا و بارگرانی لەسەر ئابووری دروست ناکات.

لەلایەکی ترەوە، نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابوری و دارایی لە پێگەی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە، ئەو خاڵانەی کە لە بەیاننامەکەی بانکی ناوەندی عێراقدا جێگەی نیگەرانین، لە ساڵانی ڕابردوو 35 ترلیۆن دینار قەرز کراوە سەرەڕای ئەوەی کە تێکڕای نرخی نەوت نزیکەی 75 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک و هەناردەکردنیش زیاتر لە 3.3 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، کە داهاتێکی زۆری نەوتی بۆ عێراق بەدەست هێناوە، هەروەها وەزارەتی دارایی زیاتر لە 22 تریلیۆن دیناری زیادەی هەبووە.

نەبیل مەرسومی ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بوونی کورتهێنانێکی ڕاستەقینە لە بودجەی گشتیدا بە بڕی زیاتر لە 35 تریلیۆن دینار لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، جێگەی پرسیار و نیگەرانییە. ئەمە ئاماژەیە بۆ ناکارایی لە بەڕێوەبردنی دارایی یان خەرجکردنی ناپێویست، چونکە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی بەرزبوونەوەی داهاتەکاندا کورتهێنان کەم بێتەوە یان نەبێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە