بوونی ڕوەک و قەوزەکان کاریگەرییەکی بایۆلۆژی گرنگیان هەیە لەسەر تەندروستی زەریاکان و هەسارەکە.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە زەریاکانی جیهان سەوزایی خۆیان لەدەست دەدەن بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی زەوی، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای هەسارەکە دەبێت بۆ هەڵمژینی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی کەشوهەوایی.
بەپێی توێژینەوەکە، گۆڕانی ڕەنگی دەریاکان بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ڕێشاڵی ڕوەکییەوەیە، کە بوونەوەرگەلی بچووکی دەریایین و بەرپرسن لە نزیکەی نیوەی بەرهەمهێنانی بایۆمەس لە زەریاکاندا.
ئەم ئەنجامانە، کە کاریگەرییە مەترسیدارەکانیان لەسەر ئاستی ئۆکسجین و زنجیرەی خۆراکی خستووەتەڕوو، پشت بە شیکردنەوەی چڕیی ڕۆژانەی کلۆرۆفیل لە زەریاکانی هێڵی پانی نزم و مامناوەند لە ساڵانی 2001 بۆ 2023 دەبەستن.
کلۆرۆفیل وەک ڕەنگێکی سەوز ناسراوە کە بەرپرسە لە پرۆسەی فۆتۆسێنتێز، ئەو پرۆسەیەی کە ڕوەک و قەوزە و ڕیشاڵی ڕوەکی تێیدا ڕووناکی خۆر و ئاو و دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەگۆڕن بۆ ئۆکسجین و گلوکۆز، و یەکێکە لە بنەماکانی ژیان لەسەر زەوی.
توێژینەوەکە کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی لە پلەی سەوزایی زەریاکاندا دۆزییەوە بە ڕێژەی نزیکەی 0.35 مایکرۆگرام بۆ هەر مەتری سێجا لە ساڵێکدا لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا، ئەم ڕێژەیە دوو هێندە زیاتر بووە لە ناوچە کەناراوەکان و زیاتر لە چوار هێندە نزیک ڕووبارەکان.
توێژەران ئەم دۆخە بە کەمبوونەوەی توانای ژینگەیی زەریاوە دەبەستنەوە، چونکە کەمبوونەوەیەکی ساڵانەیان لە توانای ڕیشاڵی ڕوەکی سەر زەوی بۆ هەڵمژینی کاربۆن بە ڕێژەی 0.088% دۆزییەوە، کە دەکاتە 32 ملیۆن تۆن.
دی لۆنگ، یەکێک لە توێژەرانی زانکۆی تسینغهوا لە پەکین، وتی “کەمبوونەوەی توانای ڕیشاڵی ڕوەکی سەر زەوی بۆ هەڵمژینی کاربۆن کاریگەری قووڵی لەسەر سووڕی کاربۆن هەیە.”
توێژینەوە نوێیەکە دەڵێت ئەم گۆڕانکارییە لەوانەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە بووبێت کە پەیوەستە بە گۆڕانی کەشوهەواوە، چونکە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای چینەکانی سەرەوەی زەریا نزیک ڕووی ئاوەوە، جیاوازی پلەی گەرمای لەگەڵ قووڵایی سارددا زیاد کردووە، کە پێدەچێت ڕێگر بێت لە گواستنەوەی ستوونی ئەو خۆراکانەی کە ڕیشاڵی ڕوەکی پشتی پێدەبەستن.
ئەم ئەنجامانە تیۆرییەکانی پەیوەست بە کاریگەری گەرمبوونی زەوی لەسەر چینەکانی زەریا پشتڕاست دەکەنەوە، هەروەها دژ بە زۆرێک لە توێژینەوەکانی پێشووترن کە ئاماژەیان بە زیادبوونی گەشەکردنی قەوزە و ڕیشاڵ لە زەریاکاندا کردبوو.
لەلای خۆیەوە، مایکل مان، توێژەری بەشدار لە توێژینەوەکە لە زانکۆی پێنسلڤانیا، وتی “ئەمە یەکەم توێژینەوەیە کە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەیسەلمێنێت کە ئێمە شایەتی کەمبوونەوەی سەوزایی زەریاکانین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی دەریاکان و هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر مرۆڤایەتی کە پەیوەستە بە سووتاندنی سووتەمەنی فۆسیل و گەرمبوونی زەوی بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە.”
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: “ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری قووڵیان دەبێت لەسەر قەبارە و دابەشبوونی کارکردنی سیستەمی ژینگەیی دەریایی.”
هەروەها نووسەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە داڕێژەرانی سیاسەت دەبێت ژینگەی دەریایی لە ناوچە کەناراوەکاندا شیکار بکەن و ڕێوشوێنی پێچەوانە دابڕێژن، لەوانەش بەڕێوەبردنی وریاتر بۆ پەیینە کشتوکاڵییەکان و فڕێدانی ئاوی پیس و بڕینەوەی دارستانەکان و پیسبوونی ئاو.
گەورەترین ئاستەنگ، بەپێی توێژینەوەکە، چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوایە لە کاتێکدا گەورەترین سەرچاوەی سروشتی هەڵمژینی کاربۆن لە جیهاندا هێزی خۆی لەدەست دەدات.
زەریاکان – لەوانەش قەوزە و ڕیشاڵی ڕوەکی و بەردی مەرجان – ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ڕێکخستنی کەشوهەوای هەسارەکەدا، چونکە نزیکەی 90%ی گەرمای زیادە کە بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی زەوی دروست دەبێت، هەڵدەمژن، بەمەش خێرایی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای بەرگەهەوا خاو دەکەنەوە.
هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دابەشکردنی گەرمادا بە شێوەیەکی جیهانی لە ڕێگەی گەرمییە دەریاییەکانیانەوە کە وەک پشتێنەی گواستنەوە کار دەکەن، ئاوی گەرم لە ناوچە ئیستواییەکانەوە بۆ ناوچە جەمسەرییەکان و ئاوی سارد لە ئاراستەی پێچەوانەدا دەگوازنەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دابەشکردنی گەرما بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر ڕووی زەویدا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز
