وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، خانەوادەی ئەو گەنجانەی کە لە وڵاتی لیبیا گیریانخواردووە دڵنیا دەکەنەوە، پشتیوان بە خوا لە ماوەی هەفتەیەک ئەو گەنجانە دەگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، لە سەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە هێنانەوەی ئەو گەنجانەی لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردووە، خانەوادە بەڕێزەکانیان دڵنیا دەکەنەوە، کە هەر لە سەرەتای بارودۆخەکەوە تیمێکی تایبەت لە وەزارەتە تایبەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕاسپێردراون بۆ تەواو کردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ڕزگارکردنیان لە وڵاتی لیبیا و گەیاندنەوەیان بە سەلامەتی بۆ هەرێم.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، خانەوادەکانیان دڵنیادەکەینەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پشتیوان بە خوا ڕێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات، کارێک نەکەن ببێتە هۆکاری بریندارکردنی هەستی خانەوادەی ئەو هاووڵاتیانە و هەواڵی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی بڵاو نەکەنەوە.
