ئەمڕۆ یەکشەممە، چەکی پارەی گوژمەی دووەمی گەنمی جوتیارانی سلێمانی گەیشتە بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆکانی شارەکە و بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی، بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ چەکەکەیان بەدەستگەیشتووە و ڕاستەوخۆ ڕەوانەی بانکی هەرێمی دەکەن بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان.
باسی لەوەشكرد: “پاش گەیشتنی هەر بڕە پارەیەک، پێویستە 72 کاتژمێر بەسەر وادەی گەیشتنەکەیدا تێپەڕببێت، دوای ئەنجامدانی ڕێکارە ئیداری و کارگێڕییەکان، لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەست بە دابەشکردنی چەکەکان دەکەین”.
ئەم پارەیە دووەم گوژمەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەمساڵ، کە کۆی گشتیی بڕەکەی نزیکەی 15 ملیار و 500 ملیۆن دینارە و بەم شێوەیە دابەش کراوە:
سلێمانی: شەش ملیار دینار.
هەولێر: پێنج ملیار دینار.
دهۆک: چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، پرۆسەی دابەشکردنی چەکی پارەی جوتیاران دەستیپێکردووە.
