spot_imgspot_img

ئەمریکییەکان دەستبەرداری ڕەگەزنامەکەیان دەبن

 

ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زیاتر لە ئەمریکییەکانی دانیشتووی دەرەوە دەستیان بە وازهێنان لە ڕەگەزنامەکەیان کردووە بەهۆی ناڕەزایەتییان لەسەر ئاراستەی سیاسی ولاتەکەیان.

ڕۆژنامەکە چیرۆکی هاووڵاتییەکی ئەمریکی دانیشتووی دەرەوەی خستەڕوو، کە بەیانی ڕۆژی دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەردا، بە هەواڵی گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی بەئاگا هاتەوە، پاشان نامەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا نارد و بە کورتترین شێوەی تێدا نووسی: “دەمەوێت جیا ببمەوە.”

ئەو هاووڵاتییە، کە بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناسنامەکەی قسەیکردووە لە ترسی “تۆڵەسەندنەوەی ئیدارەی ترەمپ”، ئێستا قۆناغی کۆتایی ڕێکارەکانی وازهێنان لە ڕەگەزنامەی ئەمریکی بەسەر دەبات.

ئەو هاووڵاتییە، کە لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی جێهێشتووە بۆ نیشتەجێبوون لە بەریتانیا و ڕەگەزنامەی ئەوێی هەیە، دەڵێت: “کاتێک قسە دەکەم، هەمووان تێدەگەن کە من ئەمریکیم، بەڵام دوای وازهێنان، تەنها بەریتانی دەبم.”

کەسانی تر کە قسەیان لەگەڵ کرابوو وتیان؛ ترس لە “تۆڵەسەندنەوەی” حکومەتی ترەمپ ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە دوای ساڵانێک لە بیرکردنەوە، پاڵیان پێوە ناوە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتە سەرەکییەکەیان بپچڕێنن.

خەمڵێنراوە کە لە نێوان ٥٠٠٠ بۆ ٦٠٠٠ ئەمریکی دانیشتووی دەرەوە ساڵانە دەستبەرداری ڕەگەزنامەکەیان دەبن، زۆرجار هۆکارەکان باج یان کارگێڕین، بەڵام ئەمڕۆ سیاسەت بووەتە هۆکارێکی سەرەکی لە زۆر بڕیاردا، بەپێی پارێزەرانی کۆچبەران.

داتاکانی کۆمپانیای Greenback بۆ ڕاوێژکاری باج نیشانی دەدەن، کە ڕێژەی ئەمریکییەکانی دانیشتووی دەرەوە کە بیر لە وازهێنان لە ڕەگەزنامەکەیان دەکەنەوە لە ٣٠٪ لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٩٪ لە ساڵی ٢٠٢٥، ئاماژەی بەوەشداوە کە ٥١٪یان هۆکارەکەی بۆ “ناڕەزایەتی لە حکومەت یان ئاراستەی سیاسی لە وڵاتدا” دەگەڕێننەوە.

زۆر کەس ژیانی خۆیان لە دەرەوە بە قورس وەسف دەکەن بەهۆی باجە دوو لایەنەکان، سنووردارکردنەکانی بانکەکان، و تێچووە زیادەکان، جگە لە هەستێکی زیادبوو بە نامۆبوون لە وڵاتە ڕەسەنەکەیان.

لە نێو ئەوانەی بڕیارەکەیان داوە، کۆلین مەکاتچینیش هەیە(٣٣ ساڵان) کە لە ئۆهایۆ لە دایکبووە لە دایکێکی ئەمریکی و باوکێکی کەنەدی، وتی تێکچوونی گوتاری سیاسی و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان وایلێکردووە هەستی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەست بدات.

لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، و دوای ئەوەی دڵنیا بوو لە مافی مانەوەی هەمیشەیی لە بەریتانیای هەیە، نامە ئەلیکترۆنییەکەی بۆ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی نارد بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی وازهێنان لە ڕەگەزنامەکەی.

ڕێکارەکانی وازهێنان ئاڵۆزن و پێویستیان بە خاوەنداریکردنی ڕەگەزنامەیەکی جێگرەوە و ڕێکخستنی پابەندبوون بە باجەکانی ٥ ساڵی ڕابردوو هەیە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە