خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەفغانستان لەسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
بە وتەی ئەو، بەم ڕێکەوتنە، “بەردەوامی ناردنی تیرۆر لە خاکی ئەفغانستانەوە بۆ پاکستان دەستبەجێ ڕادەگیرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لە 25ی تشرینی یەکەم جارێکی دیکە شاندەکانی هەردوو وڵات لە ئەستەنبوڵ کۆببنەوە بۆ پێداچوونەوە بە وردەکارییەکان و پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
وەزیری بەرگری پاکستان هەروەها سوپاسی قەتەر و تورکیای کرد بۆ ڕۆڵی کارایان لە نێوەندگیری و ئاسانکاری دانوستانەکادانوستانەکاندا.
ئەم ڕێککەوتنە لە دوای دانوستانەکانی دۆحە لە قەتەر، بە نێوەندگیری قەتەر و تورکیا، ڕاگەیەندرا. لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر:
1. ئاگربەستێکی دەستبەجێ
2. دامەزراندنی میکانیزم بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری درێژخایەن
3. ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەدواداچوون لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی و جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.
