عەلی ئۆرەماری
گوتراوە دەسەڵات، بە لێهاتوویی خۆی بێت یان بە نەفامی و گەندەڵییەکەی، بەرهەمی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە. لەسەر ئەم بنەمایەش، کۆمەڵگە هەمووی نەزان نییە وەک چۆن هەمووی زاناش و هۆشیار نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە کە هەموو جۆر و ئاستەکان خۆیان لەناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا دەبیننەوە.
ئەم دیاردەیە بە ڕێژەی جیاواز لەناو هەموو کۆمەڵگەکاندا هەیە. بەڵام ئەوەی سەیر و سەمەرەیە لەناو کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشیاندا لەناو کۆمەڵگەی کوردیی خۆماندا، لەوەش نزیکتر لەناو دەسەڵاتی کوردیدا و ئەو (پارتانەی باشوورن) کە پێکهێنەرانی دەسەڵاتن، ئەو بوونی هەردوو جۆری کۆمەڵایەتی پێویستیان بە هەندێک هەڵوەستە لەسەرکردنە، چ ئەوانەی کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەیە و چ ئەوانەش کە دەرد و بەڵا بۆ کۆمەڵگە دەهێنن و نەفامی و گەندەڵییەکانی (سیاسی، کارگێڕی و ئابووری) بەرهەم دەهێنن.
بۆچی ڕێژەی کاریگەریی کەسانی زمانلووس و دووڕوو و نەزان زیاترە لە کەسانی ڕاستگۆ و پاک و خاوەن بڕوانامە و پلەی ئەکادیمی و زانستی؟ بۆچی ڕێژەی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی زیاتر لە دەستی دووڕووەکان و ئەوانەدایە کە زیاتر نزیکن لە بڕیاربەدەستە باڵاکان(ی حکومەت و حزب)؟ تەنانەت ڕێژەیەکی گەورەی پێکهێنەرانی حزب و حکومەتیش هەر لەوانەن.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم قسەیەش، ئەو دەسەڵاتە تەمەنی زیاتر لە سی ساڵ بێت و زیاتر لە سی ملیار دۆلار قەرزدار بێت و ساڵەکانی کەمتر بێت لە دوازدە مانگ و پڕ بێت لە جۆرەکانی گەندەڵی و بڕیاربەدەستەکانیشی شانازی بە دەسەڵاتداریی خۆیانەوە بکەن. ئەو کەسانە نەک هەر نزیکترن لە دەسەڵات، بەڵکو زیاتر جێی باوەڕیانن و بۆ زۆر بابەتیش دەبنە دەمڕاست و پێشەنگی ئەو بڕیاربەدەستانە.
لە هەڵبژاردنەکاندا مەرج نییە تۆ کەسێکی پاک و شارەزا و ئەکادیمی بیت، بەڵکو پێویستە هۆشیار بیت لەم کۆمەڵگانەدا زانست لاوازییەکە کە دەنگەکانی کەمن و باش نییە خۆت لەوان نزیک بکەیتەوە. مەگەر بە مەرجێک کە ئەگەر ئەو خاوەن بڕوانامەیە خۆشی لە خوێندنگەی کۆشکەوە دەرچووبێت و قۆناغەکانی ملکەچیی بڕی بێت. کوڕی ئاغا و شێخ و کۆێخا بە، با هەگبەکەشت هیچ شتێکی تێدا نەبێت، ئەوە بەستە تۆ لە توخمێکی پیرۆزیت. کۆشک پڕە لە دەنگ و چەند زیاتر نانی بەرتێل و خەرجییەکانی کۆشک ڕیز بکەیت، هێندە زیاتر دەنگەکانی کۆیلە لە دەوروبەری زیاد دەکەن.
هەلهەلەی سەرکەوتنەکانی پێشوەخت و بێ ڕکابەری بۆ ئەوانەیە، بەڵکو نابێت کوڕی کۆشک دەرنەچێت و دەرنەچوونی لەناوچوونی عەشیرەتە و چارەنووسی عەشیرەت دەکەوێتە مەترسییەوە. خودا نەکا ئەگەر یەکێک لەوانیش سەرنەکەوت، هەر ئەو بڕیاربەدەستانە لە ڕۆژی داهاتوودا بۆ ئەوەی کۆشکەکەی نەفرۆشێتە حزبێکی دیکە، بیانوویان بۆ دەهێننەوە و دەستەکانیان وەک براوەی قۆناغەکە بەرز دەکەنەوە. ئایا نهێنیی ئەم جۆرە دەسەڵات و ئەم بڕیاربەدەستانە لە چی دایە؟
ئایا لە بنەڕەتدا ئەو بەرپرس و بڕیاربەدەستانە لە توخمی نەزان و زمانلووس و دووڕووەکانن و دەرچووی ئەو خوێندنگانەن؟ یان ئەمە بۆخۆیشی هونەر و شارەزاییە لە سایکۆلۆژیای خەڵک و دەنگدەراندا؟ وەک چۆن لە بەرامبەردا لەم سەردەمی ژیریی دەستکردەدا دەڵێن، ئەم جۆرە گرنگیدانە بە کۆشک و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمەکانی دەرەبەگایەتی.
ئەمە قسەی مامۆستایەکی بیرخستمەوە، کاتێک دەیگوت هەڵەی ئێمە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەدا لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی قوتابیانەوە دەست پێ دەکات.
ئێمە وا فێر بووین ئەو قوتابییانەی لارن و گوێڕایەڵ نین و لەناو هاوڕێکانیشیاندا نالەبارن، بۆ ئەوەی سەرمان بە قوتابیانەوە نەیەشێت و کۆنترۆڵی پۆلەکانی خوێندن بکرێت، ئێمە ئەو نالەبارانە دەکەینە پێشەنگی پۆل و دواتر دەبنە بەرپرسی ڕێکخراوەکانی قوتابیان.
ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە کە هەر ئەو قوتابییە نالەبارانە بە پێدانی ئەو پلەی پێشەنگایەتییە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هەمان شێوە بەرز دەبنەوە. ئێستا زۆرێک لە بەرپرس و بڕیاربەدەستەکانمان لەو قوتابییانە پێک دێن. دوێنێ شێواو و نالەبار بوون، ئەمڕۆش مامۆستا و بەرپرس و کاربەدەستن.
ئەم چینە کۆمەڵایەتییە، جگە لەوەی هیچ شتێکی نوێیان پێ نییە و لە هیچ پڕۆژەیەکیاندا مرۆڤبوون و هاووڵاتیبوون بەدی ناکرێت، زۆر شارەزان لە چەواشەکردنی مییلەت و دابەشکردنی سامانی گەل بەسەر یەکتردا. سوبحانەڵڵا، لە کێشە و قەیرانەکاندا ئەم چینەی ناو دەسەڵاتداران زۆر دەوڵەمەند دەبن و دەبنە خاوەنی کۆمپانیا و خاوەنی ژمارەی بانکی لە ئەمریکا و ئەوروپا و دەبنە سیاسەتمەداری بازرگان. بە میللەتیش دەڵێن، خۆڕاگربن، قەیرانەکان دوژمنان دروستیان کردووە و بە ئیرادە و خۆڕاگریی ئێوە لەناویان دەبەین. ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت و بەردەوام دەبێت.
کی ئێمە بەڕێوەدەبات؟
