ڕاوێژکارێکی حکومەت دوو ئەگەر بۆ دۆخی دارایی عێراق دیاری دەکات

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی حکومەت، دوو ڕێگەی ئەگەری بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو و دۆخی دارایی لە ساڵی ٢٠٢٦دا دیاری کرد، کە یان بەپێی دۆخی ئێستا دەبێت لە ڕووی خەرجکردن بۆ دامەزراندن و وەبەرهێنان و زیادبوونی قەرزە ناوخۆییەکان، یان خۆی لەکەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی باج و رسوومات دەبینێتەوە.

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی حکومەتی عێراق، دەڵێت: “دوو دیمەنی گریمانەیی هەیە بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٦، دیمەنی یەکەم ئاماژە بە بەردەوامبوونی ڕێبازی فراوانخوازی لە خەرجی گشتیدا دەکات، کە پارێزگاری لە خێرایی پڕۆژە وەبەرهێنراوەکان و ڕێژەی ئێستای دامەزراندن دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا فشارەکان لەسەر دارایی گشتی زیاد دەکات لە ڕێگەی فراوانبوونی کەلێنی کورتهێنان و زیادبوونی پێویستی بە دارایی، چ لە ڕێگەی قەرزکردنی ناوخۆیی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر نەختینە هەبێت، یان ڕەنگە دەرەکی بێت بە ئەگەرێکی کەمتر، کە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی قەرز و سنووردارکردنی قەبارەی دارایی داهاتوو.”

مەزهەر محەممەد ساڵح، وتیشی: “جێگیربوونی نرخی نەوت لە ٧٠ دۆلاردا بەندە بە هاوسەنگییەکانی بازاڕ و سیاسەتی نێودەوڵەتی ناجێگیرەوە، ئەمەش وادەکات ئەم سیناریۆیە پڕ بێت لە مەترسیی”.

ڕاوێژکارەکەی حکومەت ڕوونیکردەوە: “دیمەنی دووەم، کە لەسەر بنەمای نرخی ٦٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکە، بژاردەیەکی پارێزگارانەتر و واقیعیترە، و لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆنتڕۆڵی دارایی و بەهێزکردنی بەردەوامییدا یەکدەگرێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی ڕێکخستنی خەرجی گشتی و ئاراستەکردنی بەرەو لەپێشینە سەرەکییەکان، لەگەڵ هاندانی حکومەت بۆ فراوانکردنی بنکەی داهاتی نانەوتی و چالاککردنی ئامرازەکانی باج و کارایی باج.”

دووپاتیشی کردەوە: “سەرەڕای ئەوەی سیناریۆی دووەم لەوانەیە هەندێک دەرفەتی گەشەکردن لە کورتخایەندا سنووردار بکات، کە دەکرێت بە هاوبەشی نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی بیانی چارەسەر بکرێت، بەڵام سەقامگیری دارایی بەهێز دەکات و نەرمی زیاتر بە سیاسەتی دارایی دەبەخشێت.”

ساڵح پێی وایە، لە نێوان ئەم دوو ڕێگەیەدا، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و چالاککردنی سێکتەرە نانەوتییەکان وەک بنەمای سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی کورتهێنان و دڵنیابوون لە هاوسەنگی دارایی درێژخایەن، لەگەڵ پاراستنی ئاستە گریمانەییەکەی کورتهێنان کە نزیکەی ٦٤ تریلیۆن دینارە بۆ هەردوو دیمەنەکە، گرنگن بە مەبەستی خۆپارێزی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە