شارەزایانی بواری كەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی باران بارین بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەشڵێن: هێشتا شەپۆلەكە بەتەواوی جێگیر نەبووە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنی شێی ڕێژەیی خولگەیی بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و دروستبوونی پەڵەهەوری سپی لەبەرگەهەوای ناوچەکانی هەرێم، ئاماژەیەکی باش و ڕوونە بۆ هاتنی باران لە(٧٢)کاتژمێری داهاتوودا.
ڕاشیگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارینی لاواز بۆ مامناوەند ڕوو لەهەرێمی کوردستان دەكات، بەڵام هێشتا گۆڕانکاری ماوە لەشەپۆلەکە ڕووبدات و ئەمڕۆش شەممە گۆڕانکاری باش ڕوویداوە.
لای خۆشیەوە، شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “یەکەم حاڵەتی بەرفراوانی باران و هەورە بروسکە لەناوەڕاستی ئەم هەفتەوە ڕوو دەکاتەوە هەرێمی کوردستان، کەسەرچاوەی سەرەکی دەریای ناوەڕاستە.
وتیشی، “لەبەرئەوەی حاڵەتەکە ناجێگیرە، تاهاتنی و تەنانەت هەندێ جار لە ناو حاڵەتەکەش گۆڕانکاری لە بڕ و هێزەکەیدا هەیە، بۆیە لەگەڵ نزیک بوونەوەی زانیاری تەواوی لەسەر بڵاودەکەینەوە”.
