بۆ سێیەم هەفتە هاتووچۆ بە ڕێگەی وشکانی و گواستنەوەی پاس لە نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و دیمەشق ڕاگیراوە و هیچ وادەیەک بۆ کردنەوەی ڕێگاکان نییە.
بەرپرسێکی کۆمپانیایەکی گواستنەوە و گەشت لە شاری حەسەکە بە “نۆرس پرێس”ی ڕاگەیاندووە، هێزەکانی حکومەتی کاتی سووریا لە پێنجی ئەم مانگەوە دەستیان کردووە بە داخستنی ئەو دەروازانەی کە دەچنە ناو دیمەشق و لێی دەگەڕێنەوە، تەنها هاتووچۆیەک کە هەبێت بۆ دۆخە لەناکاوەکانە وەک نەخۆشییە سەختەکان و هەندێک جار هاتووچۆی خوێندکاران.
دوێنێ هەینی، هەواڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە گوایە رێگاکە بەڕووی پاسەکاندا کراوەتەوە لە نێوان ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و دیمەشق.
بەڵام چەندین کۆمپانیای گواستنەوە جەختیان لەوە کردەوە، کە رێگاکە هێشتا بەشێوەیەکی نیمچە تەواو داخراوە، ئاماژەیان بەوەدا کە هێزەکانی حکومەتی سووریا رێگرییان لە پەڕینەوەی دەیان پاس کردووە کە بەرەو دیمەشق دەچوون.
ئەو کۆمپانیایانە ئاماژەیان بەوەشداوە، تەنها ژمارەیەکی کەمیان بە مەرجی پێویستی هەبوونی راپۆرتی پزیشکی بۆ گەشتیاران یان کارتی خوێندکاری رێگەیان پێدراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش رێگە بە هەموویان نەدراوە بپەڕنەوە.
