ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەو هەموو پۆستە باڵایانەی كە لەبەغدا هەیانە، پارتی و یەكێتی نەیانتوانیوە خزمەتی میللەت بكەن و دەشڵێت: بەدڵنیاییەوە دەستكاری حكومڕانی لەناوچەكە دەكرێت و بەئەگەری زۆرەوە عێراقیش بەدەر نابێت لێی.
مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە چەمچەماڵ لە بانگەشەی حزبەكەی ڕایگەیاند، یەكێتی و پارتی بەو هەموو پۆستە باڵایانەوە لە بەغداد هەیان بووە، نەیانتوانیوە كێشە و گرفتە سەرەكیەكانی میللەتەكەمان چارەسەر بكەن و خزمەتی پێویست بەهاووڵاتیانی هەرێم بكەن، لەبەرئەوەی هەر كەسێكیان ناردۆتە بەغدا وەك میوان بووە و كاری بۆ پڕكردنی گیرفانی و بەرژەوەندی حزبی كردووە.
دەشڵێت: لە ڕابردوو و ئێستاشدا یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان خەڵكانی دڵسۆز و دەستپاك و ڕاستگۆ و بوێری ناردۆتە بەغدا و لەگەڵ كەمی ژمارە خزمەتێكی زۆریان بە خەڵك و خاكی كوردستان كردوە.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیشی كردەوە: كاندیدانی یەكگرتوو جارێكی دیكە بەڵێن دەدەن چۆن لە ڕابردوودا لەقۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەكاندا داكۆكیكاری مافی سەرەكی خەڵك و خاك بوون، لە داهاتووشدا بەزیادەوە بەردەوام دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش شەرم ناكەین و لەسەر هەموو ئاستەكان داوای پشتگیری لە هاووڵاتیان دەكەین و شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەك بۆ سەرخستنیان.
دەشڵێت: ئاڕاستەكان بەرەو ئەوە دەڕۆن ئەگەر دەستكاری شەخسەكانیش نەكرێت بەدڵنیاییەوە دەستكاری حكومڕانی لەناوچەكە دەكرێت و بەئەگەری زۆرەوە عێراقیش بەدەر نابێت لێی، سەرەڕایی هەوڵەكانی تری دوا هەوڵی بەرپرسانی عێراق بۆ خۆبەدوورگرتن لەكردەی سەربازی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە زلهێزانی جیهان و ناوچەكەش چاوەڕوانی ئەنجامەكەی دەكەن.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا، كە یەكگرتووەكان سەركەوتووبن لە پاراستنی ئەخلاق و بەها باڵاكان لەڕێگەی ڕاگەیاندن و پەروەردەیەكی دروست و نوێنەرەكانمان لەپەرلەمانی عێراق و هەرێمیش بەتایبەتی داكۆكیكاری سەرسەختی پاراستنی بەها باڵاكان بوون، بۆ ئەم مەبەستە لەئێستاشدا بەشداردەبین پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەپێناو داكۆكی زیاتر لە مافی زەوتكراوی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
