کەشناسێکی کورد ئاشکرای دەکات لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە چەند ناوچەیەیەک باران دەبارێت و لە چەند ناوچەیەک 20 بۆ 50 ملیمەتر باران دەبارێت و ئەگەری لافاو هەیە.
بەپێی زانیاری ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، کە ئەمڕۆ شەممە، بڵاویکردەوە دەڵێت: لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک لە باشووری ئەوروپا و دەریای ناوەراستەوە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، شەپۆلێکی بارانبارین بەرێژەی جیا جیا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 22ی مانگ بەردەوامی دەبێت.
دەشڵێت:”بەگشتی پێشبینی بارانی کەم و پچڕ پچڕ دەکرێت بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی ڕاپەرین و پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران لە هەندێ شوێنیشدا بڕی بارانەکە زیاتر دەبێت لە نێوان دوو تا پێنج ملیممەتر”.
بە وتەی ئەو کەشناسە کوردە، لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەتایبەت ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە کاریگەریەکانی بارانبارینەکە بەهێز دەبێت و لەو ناوچانەدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە و چالاکبوونی هەورە بروسکەی بەهێز دەبێت کە لەهەندێ شوێنیشدا ئەگەری ئەوە هەیە لافاو دروستببێت و بڕێکی زۆر باران ببارێت لە نێوان 20 تا 50 ملیممەتر.
ئەوەشی باسکردووە: پلەکانی گەرما لەماوەی ئەم شەپۆلەدا بە جیاوازی ناوچەکان پێنج تا هەشت پلە نزمدەبێتەوە و لەکۆتایی هەفتەوە جارێکی دیکە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێتەوە.
