سیپان حەمۆ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەسەدە ڕایگەیاند، تێکۆشانی هەسەدە بەردەوامە و دەبێت ببێتە بەشێک لە هێزەکانی سووریا بە هەمان ئەو بیروباوەڕەی هەیەتی، کورد سازش لە ئامانجەکانی ناکات و لەگەڵ سووریایەکی دیموکراتیکە.
سیپان حەمۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەشکرد: لە سەرەتای بنیادنانەوەی سووریایەکی نوێدا پرسی تێکەڵکردنی هێزەکان هاتە ئاراوە، بەڵام ئەوان تێکۆشانیان بۆ سوریایەکی دیموکرات کردوە و بە تەواوی پێکهاتەکانەوە، هەسەدە خوازیارن ببنە بەشێک لە هێزەکانی سووریا، بەهەمان ئامانج و بیرباوەڕ و پێکەوەیی.
وتیشی، “ئەوانەی باس لە تێکەڵکردنەوە دەکەن بە شێوازی سەپاندن مەبەستیان سڕینەوە و تواندنەوەی بەرامبەرە، بەپێچەوانەوە کورد لەگەڵ تێکەڵبون و هاوبەشی دیموکراسییانە هەیە بە هەبوونی فرەیی”.
سیپان حەمۆ، ئاماژەی بەوەشدا: دوا دیداری هەسەدە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی و ئاساییشی شام بە ئامادەبونی نوێنەری ئەمریکا ئەرێنیی بووە چۆنییەتی تێکەڵکردنی هەسەدە بە هێزەکان تاووتوێ کراوە.
سیپان حەمۆ، ئەوەشی باسکردووە، ڕاستە گفتوگۆکان لەبارەی پرسەکە بەردەوامن بەڵام ئەوەی دەبینرێت جیاوازە لە گفوتوگۆ و دانوستانەکان و دەبێت ببنە کردار و بوونی هەسەدە لە هێزەکانی سووریادا مەرجە.
بەرپرسەکەی هەسەدە جەختیشی کردەوە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد ئارامترین ناوچەی سووریایە و هەسەدە تاکە هێزی سووریایە کە لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکاندا مامەڵە دەکات، لەسەر هەمان ڕێباز و خەباتی خۆیەتی لەپێناو ئارامیی و پێکەوەژیان و بەو جۆرەش بەردەوام دەبێت لە خەباتکردن، دەبێت ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بگیرێت و هەموان پێکەوە بژین.
