پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە لە نزیک دوورگەی خیۆس دوو ژن گیانیان لەدەست دا.
بەلەمەکە درەنگی شەوی ڕابردوو لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی خیۆس بە 29 کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوتووە، لە ئەنجامدا دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، کە هەردووکیان ژنن.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان باسی لەوەشکرد، توانیویانە 27 کۆچبەر رزگار بکەن و بیانگوازنەوە ناوەندی پێشوازی لە کۆچبەران لە دوورگەکە.
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و ئاشکراکردنی ناسنامەی کۆچبەرەکان کردووە.
ئەو دامەزراوەیەی حکومەتی یۆنان ڕایگەیاند، بەلەمەکە دوێنێ لە کەناراوەکانی تورکیاوە بەڕێکەوتبوو.
دوورگەی خیۆس لە دەریای ئیجەیە و تەنیا حەوت کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە، ئەم دوورگەیە پێنجەم گەورەترین دوورگەی یۆنانە.
بەگوێرەی حکومەتی یۆنان، شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 16 هەزار و 290 کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکەیان کە زیاتر لە 14 هەزار و 600 یان بە دەریادا بووە. هەروەها، هەمان ماوەی پار 60 هەزار کۆچبەر چووبوونە یۆنان.
