وتەبێژی حکومەتی هەرێم وادەی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت”نسراوی ناردنی 120 ملیارەکە تەواو بووە”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، بە میدیای سەر بە پارتی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم نووسراوی ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا تەواو کردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوای ئامادەکردنی نووسراوەکە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 19ی مانگ بۆ بەغدا بنێردرێت، و پارەکە بە کاش دەبرێت بۆ لقی هەولێری بانقی ناوەندی.
لەلایەکی ترەوە، ئەمڕۆ ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، كاتێک ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ خەرجكردنی مووچەی هەر مانگێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێرێت، ڕاستەوخۆ كۆپییە لەو نووسراوە بۆ وەزارەتی دارایی كوردستان دەنێردرێت، ئینجا هەرێمی كوردستان 120 ملیارەکە دەنێرێت.
جێی ئاماژەیە، حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو هیچ بڕیارێکی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 8ـی فەرمانبەرانی هەریم نەدا، و هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بەردەوامە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە یاساییەکانی خۆی جێبەجێکردووە بەرامبەر بەغدا بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی وەکو پێویست پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەوە، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی سیولە لێکدەدرێتەوە.
