spot_imgspot_img

ناوی وەرگرانی زەوی بڵاوکرایەوە

ئەمڕۆ دابەشكردنی زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگاری لە هەولێر بەڕێوەچوو و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت” پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە”.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویکردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرينى يه‌كه‌مى 2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، ڕێوڕەسمی تیروپشكی ڕاگەیاندن و دابەشكردنی زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگاری لە هەولێر بەڕێوەچوو، كە زیاتر لە دوو هەزار فەرمانبەر و جووتیارانی قەرەبووكراوە، بوونە خاوەنی زەوی خۆیان.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تیروپشك بۆ دابەشكردنی زیاتر لە 2 هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگاری دەكەین، كە بەشێك لەو زەوییانە قەرەبووی ئەو جووتیارانەیە زەوییەكانیان كوژێندراونەتەوە، وتیشی: لەم ژمارەیەدا زیاتر لە هه‌زار و 850 پارچە زەوییان بۆ فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگارییە.

وەزیری شارەاونی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە فەرمانبەران و ئەو جووتیارانە كرد كە زەوییان بۆ دەرچوو، هاوكات سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ئیدارە و شارەوانیی ڕزگاری كرد كە كاری هونەری و دروستكردنی نەخشەی كەرتیان بۆ زەوییەكان كرد.

ساسان عەونی، ڕاشیگەیاند، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی ڕابردووه‌وه‌ دەستیپێكردووە، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و پێشكەوتنێكی زۆر باشی بەخۆیەوە دیوە و لە زۆر شوێن كارەكان گەیشتووەتە دوایین قۆناغ و كاركردنیش بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، زەوییەكانیان وەربگرن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتیشی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پێشكەشكردنی دەستكەوتەكانی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام دووپات لەوە دەكاتەوە خزمەتكردنی خەڵك ئەركە و سەرجەم فەرمانگەكان لە هەر پلە و پۆستێكدا بن ڕادەسپێرێت خزمەتی كوردستان بكەین.

هه‌روه‌ها ئاماژەی بە بەردەواميی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كرد و وتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا بەپێی پێویستيی ئەو شوێنانەی كارەكانیان تەواو دەبێت، تیروپشك بۆ دابەشكردنی زەوی دەكرێت.

جەختیشیکردەوە، ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی زۆر باشە و پرۆسەكە بە باشی لە هەموو شوێنێك بەڕێوە دەچێت و ئێمەش وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕۆژانە لەگەڵ سەرجەم سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە ئاراستەی ڕاستەقینە و لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو ببێت.

لێرەوە ناوەکان ببینە

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە