یەکێتی و پارتی نزیک دەبنەوە لە “لێک تێگەیشتنێکی نوێ” سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا.
سەرەڕای نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان، و ئەو چاوەڕوانییە سیاسییەی کە یاوەری دەکات سەبارەت بە شوێنی هێزە کوردییەکان لە هاوکێشەی داهاتووی عێراقدا، توێژەران ئەگەری گەڕانەوەی ناکۆکی نێوان دوو حزبی کوردییەکە – پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان – لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کەم دەکەنەوە، کە ئەم پۆستە لە چەندین خولدا بووەتە هۆی گرژیی سیاسی لە نێوان هەردوو لادا.
نوزاد لەتیف، توێژەر لە کاروباری سیاسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ “بغداد الیوم” رایگەیاند، بە شێوەیەکی لۆژیکی دۆخی نێوان هەردوو حزبەکە بەرەو چاککردنەوەی هەڵوێستەکان و نەبوونی هیچ گرژییەک لە نێوان هەردوو لادا دەڕوات.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەردوو حزبەکە بە پەرۆشتر دەردەکەون بۆ دوورکەوتنەوە لە ناکۆکییە کۆنەکان دوای ئەزموونی پێشوو کە بووە هۆی دابەشبوونی هەڵوێستی کوردی لە بەغداد.
نەوزاد لەتیف وتوشیەتی، ناکۆکییەکان دوای هەڵبژاردنەکان نوێ نابنەوە، بەتایبەتی کە هەردوو حزبەکە ڕاستەوخۆ دوای شایستەیی هەڵبژاردنەکان دەچنە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، ئەمەش نەرمی سیاسی گەورەتر دێنێتە ئاراوە، بە تایبەتی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کە هەوڵ دەدات پرۆسەی سیاسی بە شێوەیەکی بێ کێشە بەڕێوە بچێت.
ڕوونیشی کردەوە، کە ئاراستەیەک هەیە بەرەو تێگەیشتنی پێشوەختە لە نێوان هەردوو حزبەکە، کە لەسەر بنەمای ناردنی شاندێکی هاوبەشە بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کوردی لەسەر پرسە سیادییەکان، و لە سەروویانەوە پۆستی سەرۆک کۆمار، بە شێوەیەک کە نوێنەرایەتییەکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بکات.
پەیوەندی نێوان هەردوو حزبی کوردی لە خولەکانی پێشوودا گرژییەکی سیاسی توندی بەخۆوە بینیوە سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە یەکێتی نیشتمانی لەسەر پۆستەکە سوور بوو و بە شایستەیەکی نەریتی خۆی دەزانی، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی لە چەند بۆنەیەکدا کاندیدی جێگرەوەی پێشنیار کردووە، ئەمەش بووە هۆی دابەشبوونی هەڵوێستی کوردی لەناو پەرلەمانی عێراق، و دواتر ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر هاوسەنگیی هێزەکان لە حکومەتی هەرێمدا.
بەڵام گەشەسەندنە نوێیەکان، بەتایبەتی گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر لایەنە کوردییەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێست لە بەغداد – بەپێی چاودێران – ئاماژەیە بۆ خواستی جدی بۆ تێپەڕاندنی ئەو دابەشبوونەی کە بوونی سیاسی کوردی لە ساڵانی ڕابردوودا لاواز کردووە.
سەرچاوە: بەغداد الیوم+ ئاژانسەکان
