بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی سونەتی عومرە، عومرەکارێکی کورد بەناوی مەلیحە ئەحمەد عەلی خان لە سنووری عەرەعەری سعوودیە کۆچی دوایی کرد.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەم عومرەکارە خەڵکی کەلارە وتەمەنی 88 ساڵ بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و ئافرەتێکی دیندار و قسەخۆش بووە بەداخەوە ئەمرۆ لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لە دیوی سعوودیە لە مەرزی عەرعەر کۆچی دوایی کردووە دوای تەواوکردنی مامەڵەکان هەر ئەمرۆ بڕیارە تەرمەکەی لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت.
ئاماژەی بەوەش داوە کە پەیوەندییان کردووە بە حاجی عەلی خاوەن کۆمپانیای حەج و عومرە کە ئەو عومرەکارەی لەگەڵدا بووە ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئەو عومرەکارە و وتی : بە بەردەوامی دوو فەرمانبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری عەرعەر دەوام دەکەن تاوەکوو کارئاسانی بۆ عومرەکارانی کوردستان بکەن و تا بەرەبەیانی ئەمرۆ فەرمانبەرانمان لە عەرعەر هاوکاربوونە تاوەکوو تەرمی ئەو عومرەکارە بەرێ کراوە بۆ رومادیش لەویش ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ دابینکردنی هەر شتێک تاوەکوو تەرمی ئەو عومرەکارە دەگاتەوە شاری کەلار.
کاروان ستونی وتیشی: “بەناوی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو عومرەکارە دەکەین و داواکارین لە خوای گەورە جێگەی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووریش بە کەسوکاری بدات”.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو عومرەکارانەی کە تاوەکوو ئێستا لە سعودیە کۆچی دواییان کردووە کاروان ستونی رایگەیاند : ئەمە دەیەمین عومرەکاری کوردە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سعوودیەوە کۆچی دوایی بکات و یەکەم عومرەکاری کوردە کە لە دوای بە جێگەیاندنی سونەتی عومرە قسمەتی وا دەبێت کە تەرمەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەخاک بسپێردرێت.
