تاریق جەوهەر سارمەمی
لە جیهانی سیاسەتی مۆدێرندا، سەرکردەکان تەنها لە رەحمی مێژووەوە لەدایک نابن، بەڵکو لە رێگەی پرۆسەیەکی ئاڵۆزەوە دروست دەبن کە سیاسەت و میدیا و دەروونناسی و بەڕێوەبردن و ئابووری رۆڵی گرنگی تێدا دەبینن.
سەرکردەکانی ئەمڕۆ بە رێکەوت ناخرێنە بەردەم خەڵک، بەڵکو بە وردی ئامادە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕی سیاسەتەوە، هەروەک چۆن براندەکان لە بواری ئابووریدا دروست دەکرێن.
سەرکردایەتی لە دیدی فەیلەسوفەکان
لەمێژوودا فەیلەسوفەکان گرنگییان بە سەرکردە و سەرکردایەتیکردن داوە، رای جیاوازیان لەبارەی سەرکردەوە هەبووە، ئەفلاتون لە کتێبی (کۆمار)دا، پاشاکان بە سەکردەی نموونەیی دەزانێت، چونکە خاوەنی حیکمەت و زانستن و دەتوانن دەوڵەت بەڕێوەببەن. ئەرستۆش لە کتێبی (سیاسەت)دا، سەرکردایەتی بە پەیوەندیی نێوان سەرکردە و کۆمەڵگەوە بەستۆتەوە، سەرکەوتنیشی پەیوەستکردووە بە چاکە ئەخلاقییەکانی وەک: بوێری، دادپەروەری و حیکمەتەوە، هەروەک دەڵێت: سەرکردەیەکی باش ئەو کەسەیە کە بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیەوە دادەنێت.
نیکۆلۆ میکیافیلی لە کتێبی (میر)دا دەڵێت: سەرکردایەتی زیاتر پرۆسەیەکی پڕاکتیکییە، نەک پرۆسەیەکی ئەخلاقی، رەنگە سەرکردەیەکی کاریگەر هەندێک جار بۆ پاراستنی دەوڵەت، پێویستی بە فێڵبازی و هێز هەبێت، ئاماژەش بەوە دەکات کە ئامانجی سەقامگیریی دەوڵەت، رەوایەتی بە ئامڕازەکان دەدات.
جان جاک رۆسۆ لە کتێبی (پەیمانی کۆمەڵایەتی)دا، رای وایە کە سەرکردایەتی دەسەڵاتێکی رەها نییە، بەڵکو گوزارشتکردنە لە ئیرادەی گشتی گەل، سەرکردەی شەرعی ئەو کەسەیە کە گوزارشت لە ئیرادەی کۆمەڵگە دەکات و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی دەکات.
سەرکردایەتی لە نێوان پێویستی و دەرفەتدا
لەڕووی مێژووییەوە، زۆربەی سەرکردە گەورەکان لە قەیرانە ئاڵۆزەکاندا لەدایک بوون وەک: ئەبراهام لینکۆڵن کە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی دەرکەوت، وڵاتی پاراست و بڕیاری ئازادبوونی کۆیلەکانی راگەیاند.
وینستۆن چەرچل، کاتێک بەریتانیا لەبەردەم مەترسی داگیرکاریی نازییەکاندا بوو، چەرچل لە دۆخێکی زۆر سەختدا وەک سەرکردەیەکی گەورە دەرکەوت و لە وتارێکی مێژووییدا وتی: خۆبەدەستەوە نادەین، وڵاتەکەی پاراست و لە جەنگی دووەمی جیهانیدا سەرکەوتن. نیلسۆن ماندێلا چەند دەیەیەک لە دژی رەگەزپەرستی خەباتی کرد، دوای 27 ساڵ مانەوەی لە زیندان کە ئازاد بوو دەستی بۆ ئاشتبوونەوە برد و تۆڵەی لە نەیارەکانی نەکردەوە، هەرچەندە لە رەحمی ستەم و قوربانییدان لەدایک ببوو.
لە فەرەنساش، شارل دیگۆل ساڵانێکی زۆری لە تاراوگە بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی فەرەنسا بەسەربرد، دژی نازییەکان تێکۆشا و دواجار وڵاتەکەی ئازاد کرد، ئەویش لەناو رەحمی بێ هیوایی و نیشتمان لەدایک ببوو، بۆیە هیوا و ئازادی بۆ میللەتەکەی گێڕایەوە.
لە کوردستانیش سەرکردەی دیاری وەک مەلا مستەفا و مام جەلال دوو نموونەی سەرکردەی کاریزمایی هیوا بەخشی نەتەوەیی و نیشتمانیی بوون.
کاتێک گەلان بەهۆی شەڕ و دووبەرەکی و داڕمانەوە وێران دەبن، مرۆڤەکان بەدوای کەسایەتییەکدا دەگەڕێن کە توانای ئەوەی هەبێت هیوایان پێ ببەخشێت و متمانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
لە کوردستان دوای توانەوەی شۆڕشی ئەیلول لە 1975 کە شکست و بێهیواییەکی زۆر بەرۆکی کوردیان گرتبوو، مام جەلال یەکێک لەو سەرکردە خۆڕسک و کاریزمایانە بوو کە ئەقڵانیەت و پڕاگماتیکی و روانینێکی قووڵی بەیەکەوە گرێدا بوو، سەرکردەیەکی رۆشنبیر بوو، لەڕێی خوێندنەوەی قۆناغەکانی خەباتەوە، گەشەی بە بەهرەی خۆڕسکانەی سەرکردایەتیکردنی خۆی دا، لە دۆخێکی زۆر دژواردا، رابەرایەتی هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی تازەی لە کوردستانی عیراق کرد، گیانی خەبات و خۆڕاگری و بڕوا بەخۆبوون و هیوای سەرکەوتنی خستەوە ناو رۆحیەتی تاک بە تاکی کورد، ئەو راستییە لێرەدا دووپات دەبێتەوە، کە چۆن سەرکردە راستەقینە و رەسەنەکان لە دۆخە سەختەکاندا دەردەکەون، لە ساتێکی گرنگ و مێژووییدا گوزارشت لە خواستەکانی گەلەکەیان دەکەن.
لە سەردەمی هاوچەرخدا، لە رۆژئاوا بەتایبەتی، ئیتر سەرکردایەتیکردن و دروستبوونی سەرکردەی کاریگەر بەرێکەوت دەرناکەوێت، بەڵکو بەرهەمی کارێکی رێکخراو و دامەزراوەییە.
پارتە سیاسییەکان لەگەڵ تیمەکانی راوێژکار و پسپۆڕانی پەیوەندییە گشتییەکان و میدیا، بوونەتە ئەو «تاقیگەیە» کە کەسایەتی سەرکردەکانی تێدا دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست و گونجاودا دەربکەون و بێنە سەر شانۆی بازاڕی سیاسەت.
میدیا، سەکۆی نوێی سەرکردەکان
دەرکەوتووە، بە تەنیا کاریزمابوون بەس نییە بۆئەوەی سەرکردەیەک بەرەو پێش بچێت و هەڵبکەوێت. ئەمڕۆ میدیا ئەو سەکۆ راستەقینەیەیە کە کەسایەتییە سیاسییەکان لەسەریدا خۆیان نمایش دەکەن، ئەوە میدیایە کە وێنەی سەرکردەیەک لەناخی هۆشیاریی گشتیی خەڵکدا بەو شێوەیە دەچێنێت تا ئەو وێنە جوانەی خۆیان مەبەستییانە بگاتە جەماوەر.
لەسایەی کەناڵە ئاسمانییەکانی تەلەفزیۆن و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە، سیاسەتمەدارێکی نادیار دەتوانێت لە شەوێکدا بگۆڕدرێت و ببێت بە ئەستێرەیەکی سیاسی، بە مەرجێک وێنە و گوتارەکانی بە شێوەیەکی زیرەکانە بەڕێوەبچێت. میدیاکان تەنیا رووداوەکان باس ناکەن، بەڵکو بوونەتە هاوبەشێک لە دروستکردنی هێما و سیمبولەکان و داڕشتنی هۆشیاریی سیاسیدا.
سەرکردە و پەیوەندییە گشتییەکان
لەپشت هەموو سەرکردەیەکی سەرکەوتووەوە، تیمێکی پسپۆڕ لەبواری میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان هەیە کە لە دنیای رۆژئاوادا بە «ئەندازیاری وێنە» یان «پزیشکی خولگە» ناسراون.
ئەوان ناسنامەی گشتی سەرکردەکە لە قاڵب دەدەن: چۆن قسە دەکات؟ چ جل و بەرگێک دەپۆشێت؟ کەی دەردەکەوێت؟ پاڵەوانی چ پرسێکە؟!
شارەزایانی پەیوەندییە گشتییەکان کاردەکەن بۆئەوەی رووخساری سەرکردەکەیان بۆ نموونەیەکی جوان و ئیلهامبەخش بگۆڕن، لەڕێی بەکارهێنانی ئامرازەکانی بازرگانیی سیاسی و زمانی سۆزداری و گێڕانەوەی چیرۆکی ئەفسوناوی لەبارەی باگڕاوندی ژیانی سەرکردەکەوە کە بە مێژووی خەبات و ئازاری میللەتەکەی و بەدیهێنانی خەون و هیواکانییەوە دەبەستێتەوە.
لە سەردەمی ژیریی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای گەیاندن و وێنەسازیدا، بە بازاڕکردنی پێشەنگێک جیاوازی نییە لەگەڵ بە بازاڕکردنی هەر بەرهەمێکی سەرکەوتوو. دروشمێک و رەنگێک و پەیامێک و چیرۆکێک هەیە کە پێکەوە «مارکەی کەسی» سەرکردە پێکدەهێنن.
زۆر جار سەرکردە وەک فریادڕەس، یان چاکسازیخواز، یان پارێزەری بەها نەتەوەییەکان وەسف دەکرێت. چیرۆکێکی بۆ هەڵدەبەستن، کە نموونەی نییە و بەدیلی نییە، وای بەخەڵک دانێنن: «ئەو پیاوە سادەیەی کە توانی بەسەر ناخۆشییەکاندا زاڵ بێت» یان «ئەو خەباتکارەی کە سەرەڕای هەموو گوشارەکان خۆڕاگربوو، بڕواکانی نەگۆڕی یان «ئەو سەرکردەیەی کە بۆتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەکانی میللەت».
ئەم جۆرە چیرۆکانە شتێک دروست دەکەن، پێی دەوترێت سیمبولیزمی سیاسی، ئەمەش شەرعییەتی سۆزداری بە سەرکردە دەبەخشێت کە لە گوتارە رەسمییەکان تێدەپەڕێت.
لە نێوان سەرکردەی راستەقینە و دەستکرددا
سەرەڕای هەموو تەکنیکەکانی بە بازاڕکردن و بانگەشەی میدیایی، جیاوازی نێوان سەرکردەیەکی راستەقینە و سەرکردەیەکی بەرهەم هێنراو زۆر روونە.
سەرکردەی راستەقینە، ئەو کەسەیە، کە خاوەنی پڕۆژە و ویژدان و بوێریی بڕیاردانە. لە بەرامبەردا سەرکردەیەکی دەستکرد بەرهەمی هەڵمەتێکی میدیایی درەوشاوەیە لە یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینەدا بە خێرایی بریقەکەی کاڵ دەبێتەوە.
دواجار تەنیا ئەو کەسانە لە مێژوودا بەزیندوویی دەمێننەوە کە بەڕاستی لەگەڵ خەمی رۆژانەی میللەتەکەیاندا بوون، نەک ئەوانەی وێنەکەیان لە ستۆدیۆکاندا دروستکراوە و کەمپینەکەیان لە فەرمانگەکانی پەیوەندییە گشتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
لەم سەردەمەدا ئیتر بەرێکەوت سەرکردە دروست نابێت، ئەم بابەتە بووەتە زانست و هونەر و وەبەرهێنانێکی سیاسی، بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوەیە: ئایا میدیا دەتوانێت سەرکردەیەکی راستەقینە دروستبکات کە بناغەیەکی ئەخلاقی نەبێت و خاوەنی کاریزمایەکی خۆڕسک و پڕۆژەیەکی چاکسازی و نیشتمانسازی نەبێت؟
رەنگە میدیا بتوانێت کەسێک وەک سەرکردە وێنا بکات، بەڵام ئەگەر توانا و بەهرەی لەو بوارەدا نەبێت، ناتوانێت رۆحی سەرکردایەتییەکی راستەقینەی تێدا بخوڵقێنێت.
میللەتێک بە دوای سەرکردەیەکی راستەقینەدا دەگەڕێت، ئەوەندەی پێویستە دیدێکی دڵسۆز و باوەڕێکی قووڵی بە داهاتوو هەبێت، پێویستی بە درەوشانەوەی بەردەم کامێرا نییە.
سەرکردەی راستەقینە بە میدیا دروست نابێت، خۆی بەدوای دەسەڵاتدا ناگەڕێت، بەڵکو دەسەڵات پێویستی بەو کەسە هەیە. ئەو سەرکردەیەی کە خاوەنی بیرکردنەوە و حیکمەت و تێڕوانینێکی قووڵ و دووربینە، خوێندنەوەی بۆ ئایندە هەیە، لە ناخۆشترین دۆخەکاندا دەبێتە خاڵی کۆکەرەوەی لایەنە سیاسییەکان و بە گەشبینییەوە هیوا بە دڵی میللەت دەبەخشێت.
