وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند بەرهەمە نەوتییە عەمبارکراوەکان بە تەواوی بەشی ناوخۆ دەکات و لە بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیش لە وێستگەکاندا سەرکەوتوو بووە.
حوسێن تالیب عەبود، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند، نەوتی عەمبارکراو بە تەواوی بەش دەکات و هیچ کێشەیەکیشی نییە ئەگەرهاتوو پێویست بکات بەشە نەوتی دیکەش دابەش دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەپڵیکەشنەی بۆ دابەشكردنی نەوت دروستیان کردووە بە باشی کار دەکات و تەنیا لە شارێکی وەک موسڵیشدا 500 هەزار هاووڵاتی خۆیان تۆمار کردووە و ئەزموونەکەش بدەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەش.
عەبود وتیشی کە دابینکردنی سووتەمەنی لە ڕێگەی گۆڕەپانەکانی نەوت و غاز و لەڕێی بریکارە گەڕۆکەکانەوە دەبێت و ئەمەش ڕێگری دەکات لە دروستبوونی قەرەباڵغی یان دواکەوتن لە دابەشکردنیدا. جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیاکە پێشتر هیچ قەیرانێکی تۆمار نەکردووە لە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان.
ئاشکراشی کرد کە کارتی ئەلیکترۆنی ئێستا لە هەموو وێستگەکاندا کار دەکات و سیستەمەکە سەرکەوتوویی خۆی سەلماندووە لە ڕێکخستنی پرۆسەی دابەشکردن و زامنکردنی دادپەروەری لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان، ئاماژەی بەوەشدا کە تۆمارکردن لە ڕێگەی پڕۆگرامەکەوە بەردەوامە بۆ ئەوانەی تا ئێستا پەیوەندییان نەکردووە بۆ سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەکە.
