هەرێمی کوردستان، دەرگاکانی بۆ وەبەرهێنەران و گەشتیاران بە یەکەوە دەکاتەوە، تا پێگەی خۆی وەک شوێنێکی ئابووریی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەلمێنێت، کە دەوڵەمەندیی سروشتیی زۆری لەگەڵ پلانە حکومییە گەورەکانی بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، دوور لە پشت بەستن بە نەوت و گاز، کۆبکاتەوە.
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، هەرێم سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان بە بڕی ٢٠ ملیار دۆلار لە ڕێگەی ٤١٢ پڕۆژەی نوێ، لەکاتێکدا حکومەت هەوڵدەدات تا ساڵی ٢٠٣٠، ٢٠ ملیۆن گەشتیار ڕابکێشێت، لە چوارچێوەی نەخشەڕێگایەکی تەواوکراودا کە ١٥٠٠ دەرفەتی وەبەرهێنان لەخۆدەگرێت، لەوانە ٦٢ دەرفەت تەنها لە کەرتی گەشتوگوزاردا.
سەرچاوە سروشتییە زۆرەکان و سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنان
هەرێمی کوردستان یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی هەیە کە دەگاتە ٤٥ ملیار بەرمیل، و ١٧٧ تریلیۆن مەتری سێجا گاز.
هەروەها زەوییە بەپیتەکانی هەرێمەکە دانەوێڵە و میوەی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا کانزاکان، وەک ئاسن و مس و زینک، بەشێکی سەرەکی کەرتی پیشەسازی قورسن.
بەپێی داتا فەرمییەکان، هەرێم ساڵانە ملیۆنەها تۆن ئاسن و پۆڵا و چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت و زۆربەی بەرهەمەکانی بۆ وڵاتانی دراوسێ هەناردە دەکات، ئەمەش بنەمایەکی پیشەسازیی پتەو و سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی بە یەکەوە پیشان دەدات.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانیدا بۆ پرۆگرامی “بزنس لەگەڵ لوبنە” لە سکای نیوزی عەرەبی، جەختی لەوە کردەوە؛ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، هەمەچەشنە و لەسەر کەرتە ستراتیژییەکان چڕکراوەتەوە: “تەرکیزی سەرەکی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ بوو کە دوای ٢٠٢٠ بە سەدان جار گەشەی کردووە، جگە لە دروستکردنی کارگەی خۆراک بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراک و خۆبژێوی، لەپاڵ ئەوەشدا، دەرفەتی گەورەمان هەیە لە پیشەسازی کانزایی و پترۆکیمیاییدا، و یاسای وەبەرهێنان ژینگەیەکی نموونەیی بۆ وەبەرهێنەری بیانی دەڕەخسێنێت لەگەڵ پاراستنی تەواوی سەرمایە و ئازادی گواستنەوەی قازانج بۆ دەرەوە.”
هەمەچەشنکردنی ئابووری: لە نەوتەوە بۆ پیشەسازی و ژێرخانی ئابووری
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی نەخشەڕێگای وەبەرهێنانەوە هەوڵدەدات پشت بەستن بە نەوت و گاز کەمبکاتەوە، لە ڕێگەی پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی پەیوەست بەم کەرتانە وەک پاڵاوتن و پیشەسازییەکانی پترۆکیمیای، و دەستپێکردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان لە زیاتر لە ١٦ ناوچەی پیشەسازی کە ئێستا لە قۆناغی پەرەپێداندان، کە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، و هەڵەبجە دەگرێتەوە.
شوکری ئاماژەی بەوەدا، کەرتی پیشەسازی ئامانجی دروستکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ وەبەرهێنانی بیانی: “ئاسانکاری باجیمان هەیە کە دەگاتە ١٠ ساڵ و زیاتریش ئەگەر وەبەرهێنانی بیانی تاک هەبێت، لەگەڵ پابەندبوون بە دامەزراندنی ٧٥٪ی کارمەندانی ناوخۆیی و ٢٥٪ بۆ شارەزایانی بیانی، بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی زانیاری و بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنان.”
هەرێمی کوردستانی عێراق نەخشەڕێگایەکی نوێی وەبەرهێنان ڕادەگەیەنێت کە ١٥٠٠ دەرفەت لەخۆدەگرێت
جگە لە پیشەسازییە قورس و کشتوکاڵییەکان، کەرتی خانووبەرە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، خانووبەرە لە کوردستان لە ماوەی ١١ ساڵدا سەرمایەی وەبەرهێنانی بە بڕی ٢٥ ملیار دۆلار ڕاکێشاوە، ئەمەش متمانەی وەبەرهێنەران لە بازاڕی ناوخۆیی و سەقامگیری ژینگەی یاسایی و ئابووری پیشان دەدات.
گەشتوگوزار: پایەیەکی ستراتیژی بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری لە کوردستان
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە؛ کەرتی گەشتوگوزار یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ستراتیژی هەرێم بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی ئابووری دوور لە پشت بەستن بە نەوت.
ڕوونیکردەوە، کە پلانیان هەیە نزیکەی ٢٠ ملیۆن گەشتیار تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕابکێشێت، بە بەراورد بە نزیکەی ٧ ملیۆن گەشتیار پێش ٢٠٢٥، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئارەزووی گەورە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتوگوزار.
د. شوکری ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆژە گەشتیارییەکان پەرەپێدانی شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکان دەگرێتەوە، وەک قەڵای هەولێر کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٨ هەزار ساڵ، لەپاڵ بازاڕە نەریتییەکان و هاوینەهەوارەکان لە چیاکانی کۆڕەک و ناوچەی گەلی عەلی بەگ.
وتیشی؛ دەستەی وەبەرهێنان دەستی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان کردووە بۆ دروستکردنی هۆتێل و هاوینەهەوارەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، وەک هۆتێلی “ڕادیسۆن بلو”، بە ئامانجی ڕاکێشانی گەشتیارانی عەرەب و بیانی و دروستکردنی ژینگەیەکی گەشتیاریی تەواو، کە پشتیوانی ئابووری ناوخۆیی دەکات لە ڕێگەی پیشەسازییە پشتگیریکارەکان و خزمەتگوزارییەکانەوە، و ئاسۆی نوێ بۆ وەبەرهێنان و هەلی کار دەکاتەوە.
هاوبەشی ستراتیژی و پشتیوانی دامەزراوەیی
شوکری جەختی لەوە کردەوە، کوردستان لە ستراتیژی وەبەرهێنانیدا پشت بە هاوبەشی نێودەوڵەتی و هەرێمی دەبەستێت، هاوکاری لەگەڵ ئیمارات کراوە لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و پیشەسازییەکاندا، لەگەڵ فەرەنسا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا لە ڕێگەی کۆڕبەندی ئابوورییەوە کە بووەتە هۆی پڕۆژەی کشتوکاڵی و دروستکردنی تەلەفڕیک و کارگەی خۆراک، هەروەها دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و وەزارەتی پلاندانانی عێراق کاردەکات بۆ نوێکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەرفەتە نوێیەکان و پێداویستییەکانی وەبەرهێنەران بگونجێت.
شوکری ئاماژەی بەوەدا، دەستەکە هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران دابین دەکات لە ساتەوەختی هاتنە ناو هەرێم، لە فڕۆکەخانە یان دەروازە سنوورییەکانەوە، تا دامەزراندنی پڕۆژە و ئاسانکاری بۆ هاوبەشییە ناوخۆییەکان: “ئێمە ئامۆژگاری وەبەرهێنەران دەکەین کە پشت بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەبەرهێنان ببەستن بۆ خۆدوورگرتن لە هەر کێشەیەک، و دڵنیابوون لە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە گونجاوەکاندا، تۆڕێکی تەواوکراومان هەیە لە هەموو پارێزگاکاندا بۆ ئاسانکاری زانیاری و ژینگەی کارکردن.”
سەرمایەی مرۆیی: هۆکارێکی تەواوکەر بۆ گەشە
جگە لە سەرچاوە سروشتییەکان و ژێرخانی ئابووری، توانا مرۆییەکان لە کوردستان هۆکارێکی بەهێزی سەرنجڕاکێشن بۆ وەبەرهێنان، هەزاران کارمەندی لێهاتوو لە ڕووی زانستی و کردارییەوە بەردەستن، نەوە نوێیەکان چەندین زمانی جیاواز دەزانن و توانای پەیوەندیکردنی جیهانییان هەیە، هەروەها زانکۆ و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی ئەم ئاڕاستەیە دەکەن.
شوکری دەڵێت: “شانازی بە سەرمایەی مرۆیی لە هەرێمدا دەکەین، کە توانای بەڕێوەبردنی پڕۆژە گەورەکان و بەشداریکردن لە دامەزراوە و کۆمپانیا جیهانییەکانیان هەیە، ئەمەش توانای کێبڕکێ زیاد دەکات و کوردستان دەکاتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان و کارکردن.”
ئاستەنگەکان و دەرفەتەکانی داهاتوو
سەرەڕای توانای زۆر، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی بەندە بە باشترکردنی ژێرخان، سەقامگیری ئەمنی، و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاساکان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی کوردستان جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانی دەکاتەوە، لە ڕێگەی پەرەپێدانی ڕێگاوبان، بەنداوەکان، کارەبا، و وزەی نوێبووەوە لەوانە پڕۆژەکانی وزەی خۆر.
هەروەها وەبەرهێنان لە کانزاکان و پترۆکیمیایی و کشتوکاڵ دەرفەتێکە بۆ دووبارە نەخشەکێشانی نەخشەی ئابووری هەرێم، لەگەڵ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گەیشتن بە بەردەوامبوونی ئابووری درێژخایەن.
نەخشەڕێگای ٢٠٣٠: وەبەرهێنان و ڕاکێشانی گەشتیاران
حکومەتی کوردستان ئامانجیەتی تا ساڵی ٢٠٣٠، ئابووری هەمەچەشن بکات لە ڕێگەی بەهێزکردنی چەند کەرتێکەوە:
- کشتوکاڵ و پیشەسازییەکانی خۆراک: دروستکردنی کارگە و کارخانەی خۆراک بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراک و خۆبژێوی.
- پیشەسازییە قورسەکان و کانزاکان: قۆستنەوەی یەدەگی ئاسن و پۆڵا و چیمەنتۆ، و پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی پترۆکیمیا.
- گەشتوگوزار: ڕاکێشانی ٢٠ ملیۆن گەشتیار لە ڕێگەی پەرەپێدانی قەڵا مێژووییەکان، هاوینەهەوارە شاخاویەکان و هۆتێلە جیهانییەکان.
- خانووبەرە و ژێرخانی ئابووری: وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرە و وزە، لەگەڵ تەرکیزکردن لەسەر بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکان و کارەبای ٢٤ کاتژمێر.
د. محەمەد شوکری لە قسەکانیدا بۆ پرۆگرامی “بزنس لەگەڵ لوبنە” پێی وایە ئەم نەخشەڕێگای وەبەرهێنانە ستراتیژییەتێکی گشتگیرە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و گۆڕینی کوردستان بۆ شوێنێکی ئابووری و گەشتیاری تەواوکراو: “ئێمە کار لەسەر دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان دەکەین، لەگەڵ دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەکان، و بەشداریکردنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوامدا، ئامانج ئەوەیە کوردستان ببێتە مۆدێلێک بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە ناوچەکەدا.”
هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ وەک یاریزانێکی سەرەکی لە نەخشەی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەکەوێت، بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکانی، و یاسای وەبەرهێنانی هاندەر بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی، لەپاڵ ژینگەیەکی دامەزراوەیی پشتگیر و پڕۆژە پێشەنگەکانی پەرەپێدان.
لە نێوان کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاردا، هەرێمەکە مۆدێلێکی کردەیی بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری دوور لە نەوت و گاز پێشکەش دەکات، لەگەڵ پلانێکی گەورە بۆ ڕاکێشانی ٢٠ ملیۆن گەشتیار تا ساڵی ٢٠٣٠، ئەمەش دەرگا بۆ دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی بێ وێنە دەکاتەوە و کوردستان لەسەر نەخشەی ئابوورییە هەرێمییە هەرە چالاک و سەرنجڕاکێشەکان دادەنێت.

