تیمی هەرێمی کوردستانی CPTی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت کە تورکیا بەردەوامە لە دروستکردنی بارەگای نوێی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و دارستانەکانیش دەبڕێتەوە.
تیمی هەرێمی کوردستانی CPT نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جموجۆڵی سەربازی تورکیا بە ناونیشانی ئاشتی سارد؛ ئاگربەستێک بەبێ وەستاندنی لەشکرکێشی و جموجۆڵی سەربازی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامنەداوە، ئەمەش یەکەم جارە لە دوای ساڵی (٢٠١٥)ەوە مانگێک بەبێ هێرش و بۆردوومانی سوپای تورکیا تێپەڕێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرباری وەستاندنی تەواوەتی هێرش و پێکدادانە چەکدارییەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە، هەردوو لا بەردەوامن لە فراوانکردنی پێگەی سەربازی، لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “سوپای تورکیا هێرشەکانی بەتەواوەتی ڕاگرتووە، بەڵام بەردەوامە لە بنیاتنانی بارەگای سەربازی نوێ لەسەر چیای مەتینا، دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە نێوان بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە سنوری قەزای ئامێدی و وێرانکردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی زاپ و گواستنەوەیان بۆ ناو تورکیا”.
ڕوونیشیکردەوە کە “گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرباری دەستبەرنەدان لە چەک، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ڕێڕەوی ژێرزەمینین لە ناوچەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆس”.
تیمی هەرێمی کوردستانی CPT دەڵێت: “لە (١)ی ئادار تاوەکو (٣٠)ی حوزەیران، سوپای تورکیا، (١٣٩٠) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابوو. ئەمە لە کاتێکدا، لە (١)ی تەمووزەوە تاوەکو (٣٠)ی ئەیلوول، سوپای تورکیا تەنیا (٣٤) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە”.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرباری ڕاگرتنی بۆردوومانەکان، گوندنشینانی گوندەکانی (بەری گارێ) نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان. گوندنشینانی دەڤەری نهێلێش، تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان. لە مانگی ئابدا، کاتێک گوندنشینانی گوندی (گوهەرزێ) لە دەڤەری نهێلێ ویستیان بچنەوە سەر ڕەز و باخەکانیان، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستبەسەرکران.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا، سوپای تورکیا زیاتر لە (٥٠) خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندەکانی (بەری گارێ) بە تەواوەتی خاپور و وێران کردووە.
تیمی هەرێمی کوردستانی CPT دەڵێت: “جیاواز لە جارەکانی ڕابردوو، لە ئێستادا سوپای تورکیا نەک هەر ڕێگا لە نێوان بارەگا سەربازییەکانی لەناو خاکی هەرێمدا دروستدەکات، بەڵکو لە بارەگا سەربازییەکانەوە ڕێگا دەباتە ناو گوندە ئاوەدانەکان”.
ڕاشیگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی بووەتە مایەی ڕاگرتنی تەواوەتی بۆردوومان و هێرش و پێکدادانی چەکداری، بەڵام لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری و فراوانکردنی هەژموونی سەربازی هەردوولا، بووەتە هۆی لاوازبوونی پڕۆسەکە و هەستیار بوونی دۆخەکە. ئەمەش وایکردووە، کە تاوەکو ئێستا گوندنشینان نەتوانن بگەڕێنەوە ناو گوند و ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کاریگەری جەنگیان بەسەرەوە بمێنێتەوە.
ئەمەش دیمەنی ڤیدیۆیی گواستنەوەی داری دارستانەکانی زاپە لەلایەن سوپای تورکیاوە کە ڕێکخراوی سی پی تی بڵاویکردووەتەوە
