spot_imgspot_img

ئایا قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی عیراقدا نەنگییە؟

هۆشیار سیوەیلی

زمان گەورەترین ناسنامەی نەتەوەییە و بۆ نەتەوەی کوردیش لەم دۆخەی داگیرکاری و پارچەپارچەییدا گەورەترین ئامرازی یەکگرتن و لێکنزیکبوونەوە و پاراستنی بوونی نەتەوەییمانە لە پارچە جیاوازەکاندا. هەرچەندە تا ئێستا نەتوانراوە زمانێکی ستاندارد و یەکگرتوو دابڕێژین، بەڵام پێشکەوتنتی تەکنەلۆجی ئاسانکاری زۆری کردوە بۆ لێکنزیکبوونەوەی زاراوە جیاوازەکان و دوو جۆرە ئەلفابێتە بەکارهاتوەکە. لەم بەشەی کوردستاندا دەستووری عێراق زمانی کوردی بە زمانێکی فەرمی دەوڵەت ناسیوە ودەشێت لە جێگە و بۆنە فەرمییە نێوخۆیی و نێودەوڵییەکاندا بەکار‌بهێنرێت.

لە هەندێک لە وڵاتانی فیدراڵیدا و بەتایبەتی لە وڵاتانی فرە نەتەوەدا بەکارهێنانی زیاتر لە زمانێک لە دەزگا فەرمییەکاندا لە دەستووردا چەسپاوە و خراویشەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لێردەدا دوو وڵاتی خاوەن سیستەمی فیدراڵی وەک نموونە باسدەکەین.

بەلچیکا: لە ڕووی جوگرافی و ئیدارییەوە کراوەتە سێ هەرێم و لە ڕووی زمان و نەتەوەوە لە چوار بەش پێکدێت. کە هەرێمەکان بریتین لە فلاندەرز و برۆکسل و واڵۆنیا. لە ڕووی زمانەوە هەرێمی فلاندەرز بە زمانی هۆڵەندی (دەچ) و واڵۆنیا بە زمانی فەرەنسی و برۆکسل هەردوو زمانی هۆلەندی و فەرەنسی بەکاردەهێنن و زمانی ئەڵمانیش لە بەشێک لە هەرێمی واڵۆنیا فەرمییە. لە پەرلەمانی هەرێمی برۆکسل و پەرلەمانی فیدراڵیدا هەردوو زمانی هۆلەندی و فەرەنسی زمانی فەرمین و ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن بە زمانی خۆیان و قسەبکەن و وتەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ زمانەکەی تر وەردەگێڕرێت. تەنانەت لە ناو شاری برۆکسلدا هەرچەندە بەشی زۆریان زمانی فەرەنسی و هۆڵەندی دەزانن بەڵام دانیشتوان زمانەکانی خۆیان بەکاردەهێنن.

کەنەدا: کەنەدا وڵاتێکی فیدراڵیە و هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی زمانی فەرمی دەوڵەتن و هەموو دۆکیومێنتە فەرمییەکان بەو دوو زمانە دەردەچن. بە پێی دەستووری کەنەدا هەردوو زمانەکە هاوتای یەکن. لە یەکێک لە برگەکانی دەستووردا هاتوە کە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان یەکێک لە دوو زمانە بزانێت، ئەوا پێویستە جێگرەکەی زمانەکەی تر بزانێت.

باشووری ئەفریقا: ئەم وڵاتە ٣٥ زمانی جیاوازی تێدایە. هەرچەندە زمانی ئینگلیزی زمانی باوی فەرمییە، بەڵام بە پێی دەستوور ١١ لەم زمانانە زمانی فەرمی دەوڵەتن و بە پێی یاسایەک کە لە ساڵی ٢٠١١ دا دەرچوە بەکارهێنان و پەرەپێدانی ئەو زمانانە ڕێکخراوە. لە وەزارەتی هونەر و کەڵتوور فەرمانگەیەکی تایبەت دامەزراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.

لە بری ئەوەی ئەندامانی کوردستانی لە پەرلەمانی فیدراڵی و وەزیرەکانی کوردستان لە ناو حکومەتی فیدراڵی پێداگری لە بەکارهێنانی زمانی کوردی بکەن لە ناو پەرلەمان و دەزگاکانی تر هەروەک چۆن لە دەستووردا چەسپاوە، بە شەرمەوە باسی بەکارهێنانی زمانی کوردی و ئاخاڤتن بەو زمانە لە ناو پەرلەماندا دەکەن. پێویستە نەک تەنیا بوار بدرێت بە شانازییەوە بە زمانی کوردی گفوگۆ بکرێت، بەڵکو پێویستە هەموو دۆکیومێنتە فەرمییەکان بە زمانی کوردیش بنووسرێن.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە