spot_imgspot_img

بنیادنانی گواستنەوەی گشتی، پێداویستییەكی هەنووكەییە

*هەڵکەوت عەدبوڵا

گواستنەوەی گشتی هەر جۆرە ئامرازێكی گواستنەوەیە (پاس و شەمەندەفەر و میترۆ) كە لەبەردەستی خەڵكدایە بە گشتی، بۆئەوەی لە شوێن و كاتێكی دیاریكراودا بچن بۆ شوێنێكی دیكە. تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی ئەو گواستنەوەیە بریتین لە كارایی و كراوەیی و دەستڕاگەیشتن. كارایی واتە بە شێوەیەك داڕێژرابێت كە خزمەتی باش بە خەڵكی بكات، كراوەیی واتە بە شێوەیەك دیزاین كرابێت كە جووڵەی باش و گونجاو بۆ خەڵك مسۆگەر بكات، دەستڕاگەیشتن واتە خەڵك بە گشتی لە رووبەرێكی فراوان و كاتی زۆردا دەستیان پیایدا رابگات.

گواستنەوەی گشتی سوودی زۆرە بۆ كۆمەڵگە، لەوانە:

– ژینگەپارێزی: واتە كەمبوونەوەی رێژەی گازە زیانبەخشەكانە بۆ تەندروستی، ئەنجامی كەم بەكارهێنانی زۆری ئۆتۆمبێلی تایبەت.
– ئابووری: واتە كەمبوونەوەی تێچوونی گواستنەوە لەسەر خەڵك و بارگرانیی كڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەت و خەرجییەكانی، هەروەها گێڕانەوەی ئەو كاتە زۆرەی بە هۆی قەرەباڵغییەوە بەفیڕۆ دەچێت.
– سەلامەتیی هاتوچۆ: واتە زیادبوونی سەلامەتی گواستنەوە و كەمبوونەوەی قەرەباڵغی لەسەر رێگەوبانەكان و دابەزینی رێژەی رووداوەكانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییەكان.
– دەروونیی: واتە كەمكردنەوەی ئەو گوشارە دەروونی و ماندووبوونە زۆرەی لە ئەنجامی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت دروستدەبێت.
– رووبەری زیاتر: واتە فراوانبوونی پانتایی بۆ هاتوچۆ و كەمبوونەوەی ناوچەكانی پارككردنی ئۆتۆمبێلەكان لەناو شارە گەورەكاندا.
لە هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەو دەربڕینەی سەرەوە، تا ئەمڕۆ شتێك نییە بە ناوی گواستنەوەی گشتییەوە. سەرەتا جگە لە پاس، هیچ ئامرازێكی گواستنەوەی گشتیمان نییە. ئینجا زۆرێک لە پاسەكان تایبەتمەندییەكانی گواستنەوەی گشتیان تیادا نییە: هیچیان لە هەموو كاتەكانی شەو و رۆژدا بەردەست نین، مەرجەكانی سەلامەتییان وەك پێویست تیادا نییە، چ وەك توندوتۆڵی و چ وەك پیشەكاریی شۆفێرەكان بەپێی ستانداردە جیهانییەكان. هەروەها ئێستا لای ئێمە شێوازی گواستنەوەی تاكەكەسی زاڵە بەسەر هاتوچۆدا و كەلتوری گواستنەوەی گشتی شوێنی خۆی لەناو كۆمەڵگەدا نەكردووەتەوە.
نەبوونی سیستمێكی كارای گواستنەوەی گشتی لای ئێمە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرفت و مەترسیی ئابووری، گیانی، دەروونی و ژینگەیی زۆر، كاتی ئەوە هاتووە حكومەت بە جددی ئاوڕی لێ بداتەوە و چارەسەری دروست و راستەقینەی بۆ بدۆزێتەوە. هەروەها هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە گرنگی و سوودەكانی گواستنەوەی گشتی و چەسپاندنی كەلتورەكەی پێداویستییەكی هەنووكەییە بۆ پاراستنی كۆمەڵگە و بنیاتنانی هاتوچۆیەكی سەلامەت.

*شارەزای بواری هاتوچۆ

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە