سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق گەیشتە هەولێر و دەربارەی دۆخی ئەمنی و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانیدا کۆبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دیدارەکەدا، بارودۆخی گشتی و ئەمنیی عێراق تاووتوێ کرا و جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرا.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا هیواخوازبوون ببێتە هۆی باشکردنی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە عێراق و چارەسەرکردنی بنەڕەتيی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان.

