ئەحمەد شەرع سەردانی ڕووسیا دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆدەبێتەوە.
میدیای فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا سەردانێکی فەرمی بۆ ڕووسیا ئەنجام دەدات و ڕوونیشیکردەوە کە سەردانەکە “لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و تاوتوێکردنی دۆسییەکانی هاوکاری سیاسی و ئابووریدا دێت”.
ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیارە شەرع لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییە گرنگەکان و تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات.
سەردانەکەی سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ ڕووسیا لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریاشی داڵدەداوە.
مانگی شوباتی ڕابردوودا ڤلادیمێر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەنجامدا و پشتگیری وڵاتەکەی بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا، سەروەری و سەقامگیرییەکەی دووپاتکردەوە. هەروەها ئامادەیی ڕووسیای دەربڕی بۆ هەڵسەنگاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە ڕووسیا لەگەڵ ڕژێمی پێشوو ئەنجامی دابوون لەگەڵ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر دیمەشق.
