جارێکی دیکە لەسەر سنوورەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان سوپای دوو وڵات پێکیان دادا.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی تلوع نیوز کە بارەگاکەی لە کابولە، جارێکی دیکە لەسەر سنوورەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان سوپای دوو وڵات پێکیان داداوە.
هاوکات میدیاکانی پاکستانیش پێکدادانی نێوان هێزەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەفغانییەکانیان پشتڕاست کردەوە.
لە ٩ی ئۆکتۆبەر، ئەفغانستان هێزی ئاسمانی پاکستانی بە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی تۆمەتبار کردبوو و لە بەرامبەردا لە ١١ی ئۆکتۆبەر ئەفغانستان هێرشی کردبووە سەر بنکە سەربازییەکانی پاکستان لە خاکی ئەو وڵاتە.
ئەفغانستان ڕایگەیاند کە بە هۆی هێرشەکانەوە ٥٨ سەربازی پاکستانیان کوشتووە و نۆ سەربازیشیان لێ کوژراوە.
لەبەرامبەردا سوپای پاکستان ڕایگەیاندبوو کە لە ئاکامی هێرشەکان ٢٣ سەربازیان کوژراوە و ئەوانیش ٢٠٠ “تیرۆریست”ی سەر بە حکوومەتی ئەفغانستانیان کوشتووە.
