وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، پلانێكی نوێی بۆ ڕێكخستنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل هەیە و ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ساڵانە هاوردە دەكرێن نزیكەی 200 هەزار ئۆتۆمبێلن.
هاشم سودانی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتی ئۆتۆمبێل لە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ساڵانە هاوردە دەكرێن، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی، نزیكەی 200 هەزار ئۆتۆمبێلن، لەئێستاشدا پلان هەیە بۆ ڕێكخستنی پرۆسەی هاوردەكردن و كۆنترۆڵكردنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل.
ئاماژەی بەوەشكرد، توێژینەوەیەكی گشتگیر ئامادەكراوە، لەنێویاندا چەندین پێشنیار هەیە كە ئۆتۆمبێلی كۆن و بەكارهێنراو و زیانلێكەوتوو و نوێ لەبەرچاو دەگرن، ئەم توێژینەوەیە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری ئابووری بۆ پەسەندكردنی، لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامەكەش، ڕێسای هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل هەموار دەكرێتەوە.
وتیشی، توێژینەوەكە بە بەشداری دامودەزگا پەیوەندیدارەكان ئامادەكراوە، لەوانەش هاتووچۆی گشتی، بەشی ستانداردكردن و كۆنتڕۆڵی جۆری، وەزارەتەكانی گواستنەوە، كار، ژینگە، بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەكانی وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێكردن و شارەوانی بەغدا.
