spot_imgspot_img

داوای چاودێری توندی سەر بانکە تایبەت و گشتییەکان دەکرێت

شارەزایەکی کاروباری بانکی هۆشداریدا لە دووبارەبوونەوەی “سیناریۆی لوبنان” لە هەندێک بانکی عێراقیدا، و داوای “چاکسازی خێرا” دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە پارە پاشەکەوتکراوەکان، لە کاتێکدا لیژنەیەکی پەرلەمانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە “دۆخی دارایی لە عێراقدا جێگیرە و بە تەواوی جیاوازە لە ئەزموونی لوبنان”.

عەبدولڕەحمان شێخلی، شارەزا لە کاروباری بانکی، دەڵێت: “پێویستە وریابین لە زیادبوونی نیگەرانییە جەماوەری و بانکییەکان لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی قەیرانی پاشەکەوتکراوەکان کە کەرتی بانکی لوبنان لە ساڵانی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینی، ئەمەش لە سێبەری ئەو ئاستەنگە ئابووری و داراییانەی کە عێراق ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی لەبارەی توانای هەندێک بانک بۆ گەیاندنی پاشەکەوتکراوەکان بە هاووڵاتیان لە کاتی گونجاودا”.

شێخلی ئاماژەی بەوەدا کە “نیگەرانییەکی گەشەسەندوو لەلایەن هاووڵاتیان و وەبەرهێنەرانەوە هەیە لە دۆخی هەندێک بانکی تایبەت و تەنانەت حکومییش کە ڕووبەڕووی گوشاری دارایی و نەختی بوونەتەوە، ئەمەش ترس دروست دەکات لەوەی کە دۆخەکە بەرەو سیناریۆیەکی هاوشێوەی ئەوەی لە لوبنان ڕوویدا بچێت، کە تێیدا پاشەکەوتکراوەکان نەیانتوانی پارەکانیان ڕابکێشن یان بیگۆڕن بە دراوی قورس”.

شارەزا بانکییەکە دەشڵێت: “عێراق سیستمێکی بانکی فراوانی هەیە، بەڵام پشت بەستنی زۆر بە دۆلار و گواستنەوە دەرەکییەکان وایکردووە هەندێک بانک لە مەترسیدا بن لە کاریگەربوونیان بە هەر گۆڕانکاری یان سنووردارکردنێک لەلایەن سیستمی دارایی نێودەوڵەتییەوە یان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق خۆیەوە”، ئاماژەی بەوەدا کە “ئاستەنگی ڕاستەقینە لە لاوازی چاودێری هەندێک بانکی تایبەت و نەبوونی شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی پاشەکەوتکراوەکان و وەبەرهێنانەکاندا خۆی دەبینێتەوە”.

جەختی لەوەشکردەوە کە “کەرتی بانکی عێراقی هێشتا کێشەی نەبوونی متمانەی نێوان هاووڵاتی و بانکەکانی هەیە، چونکە زۆرێک لە هاووڵاتیان حەز دەکەن پارەکانیان بە نەخت بهێڵنەوە لەبری ئەوەی وەکو پاشەکەوت دایبنێن، ئەمەش وایکردووە سیولەی ناوخۆیی بانکەکان لاواز بێت و لەبەردەم قەیرانەکاندا زیاتر لاواز بن.

ئەوەی لە لوبنان ڕوویدا دەبێت زەنگی ئاگادارکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بێت بۆ بڕیاربەدەستەکانی دارایی لە عێراقدا، چونکە هەر قەیرانێکی متمانە لە بانکەکاندا دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی ئابووری نیشتمانی کە کاریگەری لەسەر نرخی دراو، سیولەی نەختی، و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دادەنێت”.

شێخلی لە قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە؛”پێویستە ئامرازەکانی چاودێری توند بەسەر بانکە تایبەت و گشتییەکاندا کارا بکرێن، پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی قەرزدان و دابینکردنی داراییاندا بکرێت، لەگەڵ پێویستی دڵنیابوونەوەی یاسایی لە پاشەکەوتە بچووک و مامناوەندییەکان، و دانانی میکانیزمی خێرا بۆ پاراستنی مافی پاشەکەوتکراوەکان لەحاڵەتی ڕوودانی هەر کێشەیەکی دارایی”، ڕوونیشی کردەوە کە “عێراق لە ئێستادا قەیرانێکی بانکی بەخۆیەوە نابینێت، بەڵام لەبەردەم ئاستەنگێکی ڕاستەقینەدایە کە پێویستی بە وریایی و شەفافیەت و چاکسازی خێرایە، چونکە پاراستنی پاشەکەوتکراوەکان بە واتای پاراستنی متمانە دێت، و بەبێ متمانە هیچ سیستمێکی دارایی ناتوانێت بەردەوام بێت یان گەشە بکات”.

سیاسەتی نەختی نوێ

نیگەرانییەکان لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی لوبنان لە عێراقدا فراوان دەبن، دوای ئەوەی بانکی تەیف لە عێراق سیاسەتێکی نەختی نوێی ڕاگەیاند، کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، و بە کڕیارەکانی ڕاگەیاند؛ بانکی ناوەندی عێراق گۆڕانکارییەکی نوێی لە کۆنتڕۆڵەکانی یەدەگی نەختی ناچاری لەناو بانکەکاندا ئەنجامداوە.

بانکەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “پێمان خۆشە ئاگادارتان بکەینەوە کە بانکی ناوەندی عێراق لەم دواییانەدا گۆڕانکاری لە کۆنتڕۆڵەکانی یەدەگی نەختی ناچاری ئەنجامداوە، بەرزکردنەوەی ڕێژەی پێویست بەرامبەر پاشەکەوتی کڕیاران لە ٨٪بۆ ٪١٨”، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گۆڕانکارییە “لە چوارچێوەی سیاسەتە نەختییە نوێکاندا دێت کە ئامانجیان بەهێزکردنی سەقامگیری داراییە لە وڵاتدا”.

بانکەکە جەختی لەوە کردەوە کە “لە ئێستادا هەڵسەنگاندنەوە بۆ کارایی بەرهەمەکانی پاشەکەوت و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بە پاشەکەوتکراوەکان دەکات، بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی پێشکەشکردنی باشترین داهات و خزمەتگوزارییەکان بۆ کڕیاران لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگی نێوان پابەندبوون بە کۆنتڕۆڵە ڕێکخراوەکان و جێبەجێکردنی چاوەڕوانییە بانکییەکانیان”.

بانکی تەیف جەختی لەوە کردەوە کە “پابەندە بە پێشکەشکردنی چارەسەری بانکیی نەرم و داهێنەرانە، و پێدانی هەر نوێکارییەکی داهاتوو لەبارەی بەرهەمەکانی پاشەکەوت و داهاتە پەیوەندیدارەکان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ گۆڕانکارییە ڕێکخراوەکاندا بگونجێت و بەرژەوەندی کڕیاران دابین بکات”.

دڵنیایی پەرلەمانی

لە بەرامبەردا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی، جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی دارایی لە عێراقدا جێگیرە و بە تەواوی جیاوازە لە ئەزموونی لوبنان.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند: “دۆخی دارایی و بانکی لە عێراقدا جێگیر و سەلامەتە، و هیچ نیشانەیەک نییە کە لە قەیرانەکەی کەرتی بانکی لوبنان لە ساڵانی ڕابردوودا بچێت، لەبەر ئەوەش هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە پارە و پاشەکەوتەکانیان لە بانکەکانی عێراقدا بە تەواوی پارێزراون”.

کازمی دەڵێت: “قسەکردن لەبارەی دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە لوبنان ڕوویدا لەناو عێراقدا ورد نییە و زیادەڕۆیی تێدایە، چونکە سیستمی دارایی عێراق لەژێر چاودێرییەکی توندی بانکی ناوەندی عێراقدایە، و پشت بە یەدەگێکی نەختی بەهێز دەبەستێت بە دراوە بیانییەکان کە پێداویستییەکانی بازاڕ پڕ دەکاتەوە  سەقامگیری دینار دابین دەکات”، ئاماژەی بەوەدا کە “عێراق ئەمڕۆ یەکێک لە بەرزترین یەدەگە نەختییەکانی لە مێژووی خۆیدا هەیە، کە لە (١٠٠ ملیار دۆلار) تێپەڕیوە، جگە لە یەدەگێکی گەورە لە زێڕ، ئەمەش وایکردووە لە دۆخێکی دارایی ئاسوودەدا بێت کە سەقامگیری سیولەی بانکی و نەبوونی کێشە بۆ بانکەکان لە گەیاندنی پاشەکەوتکراوەکان دابین دەکات”.

پەرلەمانتارەکە جەختی لەوە کردەوە؛ “ئەوەی لە لوبنان ڕوویدا لە ئەنجامی هەرەس هێنانی سیستمی دارایی بوو بەهۆی قەرزە ناوخۆییەکان و کورتهێنانی درێژخایەن لە بودجە و نەبوونی یەدەگی نەختی پێویست، لە کاتێکدا عێراق پشت بە داهاتەکانی نەوتی جێگیر دەبەستێت کە سەرچاوەیەکی سەرەکی و بەردەوامی دابینکردنی داراییە، جگە لە پەیوەندی هەموو بانکەکانی عێراق بە سیستمێکی چاودێری وردەوە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە”، داوای لە عێراقییەکان کرد “بەلای قسە و قسەڵۆک یان بەراوردی ناڕاستەقینە لەگەڵ ئەزموونی وڵاتانی تر نەڕۆن”.

بە وتەی کازمی، “عێراق ئەمڕۆ خاوەنی سەرمایەیەکی دارایی پارێزراو و ئابوورییەکە، کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی هەیە، و سیستمی بانکی عێراق بەپێی کۆنتڕۆڵێکی ورد کار دەکات کە سەقامگیری بازاڕ و پاراستنی پارەی خەڵک دابین دەکات”.

سەرچاوە؛ الجبال

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە