شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەكرێتەوە

گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان، کە جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانییان لە ئەستۆدایە، ڕایدەگەیەنێت، کۆتایی ئەم مانگە 85%ـی شەقامەکە بەڕِووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی کە بە “ئۆتۆبانی بابان” ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 11-7-2020 بەردی بناغەی دانراوە، بە ‌چە‌ند قۆناغێك جێبە‌جێ دە‌كرێت و گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە.

دلێر کەمال، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمپانیای قەیوان، ڕایگەیاندووە، “درێژیی شەقامەکە 34 کیلۆمەترە 26ـی قیرتاوکراوە و قیرتاوکردنی 26 کیلۆمەتر تەواو بووە و هێڵکاری و ستوونەکانی کارەبا ماون، بەڵام تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ستوونی کارەبا و هێڵکاریش تەواو دەبن و بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە”.

وتیشی، “ئەو بەشەی پڕِۆژەکە کە دەکرێتەوە، لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تاوەکو ناوگردان لە سنووری قەزای قەرەداخ و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ شۆفێران بە گشتی و بارهەڵگرەکان بەتایبەت دەکات”.

لەبارەی تەواوبوونی کۆی پڕۆژەکە، ئاشكرای كرد، “بەگوێرەی ئەو کاتەی حکومەت دایناوە مانگی ئەیلوولی 2026 دوایین کاتە بۆ تەواوکردنی پڕِۆژەکە و تەواو دەکرێت”.

ئەو بەشەی شەقامی 100 مەتری کە دەکرێتەوە، یەک ئۆڤەر پاس، پێنج ئەندەر پاس، یەک بەرزە پرد، حەوت یەکتربڕ و 68 ئاوبەرەی تێدایە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە