spot_imgspot_img

ئەردۆغان: یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ سووریا، گەشەپێدان خێراتر دەکات

سەرۆک کۆماری تورکیا جەخت لە گرنگیی ڕێککەوتنەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی دیمەشق دەکاتەوە و ڕایدەگیەنێت کە یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ سوپادا، گەشەپیدانی سووریا خێراتر دەکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ شەرم شێخی میسر و بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و سەبارەت بە دۆخی سووریا ڕایگەیاند، پەیوەندییە گشتگیرەکانی ئێمە لە هەموو بوارێک و ئاستێکدا لەگەڵ سووریادا بەردەوامە. ئێمە سوورین لەسەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاوکاریی نزیک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی سووریا و ناوچەکە و هیچ شتێک نییە بە ناوی بەتەنها هێشتنەوە ئەحمەد شەرع.

وتیشی، بەردەوام هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاگادار دەکەینەوە کە پەنا نەبەنە بەر ڕێگا هەڵەکان و پشتگیری یەکێتی و یەکپارچەیی سووریا بکەن. هیوادارین هەڵوێستێک بگرنە بەر لەسەر ڕێگەی گەیشتن بە داهاتوویەکی یەکگرتوو و خۆشگوزەران، بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند، هاتنەدی یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ سووریادا لە کورتترین کاتدا، هەنگاوەکانی گەشەپێدانی سووریاش خێراتر دەکات. ئێمە ستایشی هەنگاوی بەڕێوەبەرایەتی سووریا دەکەین کە بە تێگەیشتنێکەوە بەرەو داهاتوو دەڕوات کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵات دەگرێتەوە. ئەمە لە بەرژەوەندی هەم سوریا و هەم تورکیایە.

ئەوانەی هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە سووریا بخەنەوە ناو ململانێ، نە خێری کورد، نە دروز و نە نوسەیرییەکانیان ناوێت. وەک چۆن لە گۆڕەپانی مەلازگرت گوتم، ئەوانەی ڕوویان لە ئەنقەرە و شام بێت، دەیبەنەوە، و ئەوانەی بەدوای پارێزەری دیکەدا دەگەڕێن، دۆڕاو دەبن.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا دەربارەی دۆزی فەڵەستین و ڕێککەوتنەکەی غەززە قسەی کرد و ڕایگەیاند، “بەلای ئێمەوە تاکە چارەسەری کێشەی فەڵەستین دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی سەربەخۆ، خاوەن سەروەر و یەکپارچەیە لەسەر بنەمای سنوورەکانی ١٩٦٧ کە پایتەختەکەی قودسی ڕۆژھەڵات بێت. وەک تورکیا لەو پێناوەدا پێداگرانە بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشان “.

وتیشی: “ئەو واژۆیانەی کردمان شتێکی ئاسایی نین. ئیدی بەم واژۆیانە، ئەم ئیرادەی ئاشتییە لە تۆمارەکانی مێژوودا تۆمار کراوە”.

سەبارەت بە چوونی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە، ئەردۆغان ڕایگەیاند: “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ٣٥٠ بارهەڵگر هاوکاریمان چوونە ناو غەززە. لەو ڕێککەوتنی حەماس و ئیسرائیلدا پێشنیاری چوونە ژوورەوەی کەمترین ڕێژەکراوە کە ٦٠٠ بارهەڵگرە لە ڕۆژێکدا”.

وتیشی: “سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی غەززە زۆر گرنگە. بەوپەڕی توانامانەوە کار دەکەین بۆئەوەی پێش زستان پێداویستییەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی غەززە دابین بکەین” و وێنەی ڕێککەوتنەکەشی پیشانی ڕۆژنامەنووسان دا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە