spot_imgspot_img

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی،هۆشداری دا، لە بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی بەکتریاکانی بەرگریکار لە دژەبایۆتیکەکان، کە کاریگەریی چارەسەرە گرنگەکان کەم دەکاتەوە و ئەگەری کوشندەبوونی برینە سووکەکان و هەوکردنە باوەکان زیاد دەکات.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا یەک لەسەر شەشی تووشبوونە بەکتریاییەکان کە لە تاقیگەدا پشتڕاستکراونەتەوە، بەرگرییان لە دژەبایۆتیکەکان نیشان داوە.

ئیڤان هوتین، بەڕێوەبەری بەشی گشتگیریی تەندروستی و نەخۆشییە گواستراوەکان، بە ڕۆژنامەنووسانی وت “ئەم ئەنجامانە زۆر جێگەی نیگەرانین”، و وتی؛ “لە کاتێکدا بەرگریی دژەبایۆتیکەکان بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە، ئێمە بژاردەمان کەمە و ژیانی خەڵک دەخەینە مەترسییەوە.”

بەکتریاکان لە مێژە بەرگرییان بەرامبەر بە دەرمانە دروستکراوەکان بۆ چارەسەرکردنیان پەرەپێداوە، کە زۆرێکیان ناکارامە دەکات.

خێرایی ئەم دیاردەیە لەڕێگەی بەکارهێنانی زۆری دژەبایۆتیکەکان بۆ چارەسەرکردنی مرۆڤ و ئاژەڵ و خۆراک، خێراتر بووە، کە ڕێگەی داوە بەرگریی دژەبایۆتیکەکان گەشە بکەن و ببنە یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی مردن بەهۆی نەخۆشییە گواستراوەکان لە جیهاندا.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، میکرۆبەکانی بەرگریکار لە دژەبایۆتیکەکان ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە نیو ملیۆن حاڵەتی مردن و ساڵانە بەشداری لەنزیکەی ٥ ملیۆن مردندا دەکەن.

لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە چاودێریکردنی بەرگریی دژەبایۆتیکەکان، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندەکانی بڵاوبوونەوەی بەرگریی ٢٢ جۆری دژەبایۆتیکی بەکارهاتوو لە چارەسەرکردنی هەوکردنەکانی کۆئەندامی میز و کۆئەندامی هەرس، جگە لە هەوکردنی خوێن، تاوتوێ کرد.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢١، بەرگریی بەکتریاکان لە دژەبایۆتیکەکان زیاتر لە ٤٠٪ بەرزبووەوە بۆ ئەو دژەبایۆتیکانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ساڵانەی تێکڕای ٥ بۆ ١٥٪، بەپێی ڕاپۆرتەکە.

بەرگریی دژەبایۆتیکە باوە بەکارهێنراوەکان لە ٣٠٪ تێپەڕی کردووە لەسەر ئاستی جیهان لە پەیوەندی بە هەوکردنەکانی کۆئەندامی میزەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا، کە “بەرگریی دژەبایۆتیکەکان لە پێشکەوتنەکانی پزیشکیی نوێ تێپەڕی کردووە، کە تەندروستیی خێزانەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتە مەترسییەوە.”

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ستایشی باشبوونەکانی لە بواری چاودێریدا کرد، بەڵام هۆشداری دا کە ٤٨٪ی وڵاتان هێشتا هیچ داتایەک سەبارەت بە بەرگریی دژەبایۆتیکەکان پێشکەش ناکەن.

بەپێی داتا بەردەستەکان، زۆربەی حاڵەتەکانی بەرگری لەو ناوچانەدا تۆمار کراون کە سیستمە تەندروستییەکانیان لاوازترن و چاودێرییان کەمە.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە